عەمار حەکیم: پێویستە وانە لە مێژووی سەرکردە مەزنەکانی وەکو مەلا مستەفا بارزانی وەربگرین

K24 - هەولێر

عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە وتارێکدا لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان رایگەیاند، کردنەوەی ئەو جۆرە مۆزەخانانە گرنگن بۆ وەرگرتنی وانە لە مێژووی ئەو سەرکردانەی وەکو مەلا مستەفا بارزانی کاریگەریی گەورەیان لەسەر گەلی و نیشتمان هەبووە.

عەمار حەکیم، گوتی: "زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرەم لەناو هاوڕێکانم لە هەرێمی کوردستانی خۆشەویست بۆ یادکردنەوەی لە سەرکردە گەورەکانی گەلی کوردستان و عێراق مەلا مستەفا بارزانی، کە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر رێڕەوی مێژووی گەلەکەمان، بۆیە پیرۆزبایی لە دامەزرێنەرانی ئەو مۆزەخانە گرنگە دەکەین، بەتایبەتی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئەم دەستکەوتە گرنگە نیشتمانییە، کە یارمەتی نەوەکانی داهاتوو دەدات بۆ ئەوەی ئاشنابن بگە مێژووی خۆیان، یادی ئەو کەسانە بکەنەوە کە کاریگەریان لەسەر گەلەکەیان هەبووە".

گوتیشی: "کردنەوەی ئەو جۆرە مۆزەخانانە دەبێتە وانەیەک لە رابردوو بە هەموو هەڵوێستەکان و هەلەکانەوە، کە یارمەتی گەلەکانمان دەدات کە دیدگایەکی جیاوازیان هەبێت لە بەرەو پێشبردنی وڵاتەکەمان، بەتایبەتی مێژووی ئەوانەی وەکو مەلا مستەفا بارزانی کە کاریگەری گەورەیان هەبووە لەسەر گەل و نیشتمانەکەی هەبووە، هەروەها کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی هەبووە، بۆیە دەبێ سوودیان لێوەربگرین بۆ ئەوەی شارستانیەتمان پێ بەهێز بکەین".

سەرۆکی رەوتی حیکمە، باسی لە مێژووی پەیوەندییەکان کرد و گوتی: "پەیوەندیەکی پتەو لەنێوان سەرۆک مەلا مستەفا بارزانی و بنەماڵەکەیان لەگەڵ سەید موحسین حەکیم هەبووە، ئەو پەیوەندییە هێمایەک بووە بۆ پێکەوەژیان، ئێمە جەخت لە مانەوە و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە دەکەینەوە، بۆ خزمەتکردنی گەلەکانمان".

عەمار حەکیم، راشیگەیاند: "سەرکەوتنی هەوڵەکانی ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی، بەشێکە لە هەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان، بۆ ئەوەی خزمەت بە هەموو گەلانی عێراق بکەین لە زاخۆوە تا فاو، لە چوارچێوەی چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی، بۆ کارکردنی هاوبەشی پێکەوە، بۆ ئەوەی وڵات بەرەو پێشەوە ببەین".