فارس عیسا: ناردنی 400 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

K24 - هەولێر:

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت تا کاتی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ــی ئایاری 2023) فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، نیەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لەسەر بودجەش رێکەوتنکراوە.

هەروەها راشیگەیاند، هاتنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیامێک بوو بۆ خەڵکی کوردستان، کە هاوخەمی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و لە خەمی چارەسەرکردنی کیشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادایە.

فارس عیسا، ئاماژەی بەوەدا، رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، وەک خۆی جێبەجێبکرێت و دەستکاری نەکرێت، لە بەرژوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا دەبێت.

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، باسی لەوەشکرد، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوولا دەبێتە هۆی سەقامگیری عێراق و وڵات دەباتە قۆناغێکی باشتر.

لەبارەی دۆسیەی نەوت، فارس عیسا، گوتی، دۆسیەی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەرکراوە کێشە نەماوە، تەنها هەندێک کێشەی تەکنیکی لە نێوان بەغدا و تورکیادا ماوە، پێشبینی دەکرێت لەم زووانە چارەسەربکرێن.

هەروەها گوتیشی، حکومەتی عێراق زیاتر پەرۆشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت.