بێرنارد کۆشنەر: هۆکاری سەردانەکەم بۆ هەرێمی کوردستان ئاشتییە

بێرنارد کۆشنەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا
بێرنارد کۆشنەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا

K24 – هەولێر:

وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە هەرێمی کوردستانە و ئەمڕۆ سەردانی بارزانی کرد و بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆکاری سەردانەکەی ئاشتییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، بێرنارد کۆشنەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، "بۆ ئەم مۆزەخانە ناوازەیە بانگهێشت کرام، هۆکاری سەرەکی بانگهێشت کردنم ئەوە بوو گوێ لە گوتارەکان بگرم، خۆشحاڵم بووم چونکە هەموویان باسیان لە ئاشتی و پێشنیازی ئاشتییان دەکرد".

بێرنارد کۆشنەر لەبارەی گوتارەکانی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، " سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە ئاشتی و ئاشتبوونەوە دەکرد بۆیە با چاوەڕێ بین، هۆکاری سەردانەکەم ئاشتییه".

رۆژی (11ـی ئایاری 2023) بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی میوانانی ناوخۆیی و عێراقی و بیانی، رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمەکەدا، هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتاریان پێشکەشکرد و دوو ڤیدیۆی دۆکیومێنتاریش لەبارەی خەباتی بارزانی نەمر و بیرۆکە و دروستکردنی یادگەی نیشتمانی بارزانی پێشکەشکرا و دواتر مۆزەخانەی تایبەت بە وێنە و کەلوپەلەکانی بارزانی نەمر کرایەوە.