جوتیار عادل بۆ کوردستان24: تیمی یەکێتی یەکشەممەی داهاتوو بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکشەممەی داهاتوو تیمی وزاریی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە دەبن.

جوتیار عادل لەمیانی بەشداریکردنی لە دووەم رۆژی رێورەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، تیمی وزاریی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادە دەبن.

گوتیشی: بەرنامە دانراوە کە تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە، لە دوو رۆژی داهاتووشدا کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران رادەگەیەنین.

سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە، جوتیار عادل ئاماژەی بەوەدا، هەرێم و بەغدا رێککەوتن و کۆمپانیای سۆمۆ بە نامە بەندەری جەیهانی لە دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئاگادار کردووەتەوە و گوتیشی: ئومێدەوارین بەم زووانە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.