رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە سنووری مێرگەسۆر ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە

رووداوی هاتووچۆ لە ناحیەی مەزنێ
رووداوی هاتووچۆ لە ناحیەی مەزنێ

K24 – هەولێر:

لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمشەو (12ـی ئایاری 2023)، رووداوەکە لە ناحیەی مەزنێی سەر بە قەزای مێرگەسۆر بووە و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران گواستراونەتەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە سۆشیال میدیای کوردستان24 بڵاوکراتەوە، رووداوێکی هاتووچۆی سەخت لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا روویداوە کە کاریگەرییەکانی بەسەر ئۆتۆمبێلەکانەوە بە روونی دیارە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی ناوچەکەش هاوکاری بریندارەکان دەکەن بۆ گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە.

لەلایەن خۆیەوە، ئازاد ساڵح، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای گەیاندنی حەوت کەس کە لەو رووداو هاتووچۆیە بریندارببوون، یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوانی دیکەش چارەسەری پزیشکی پێویستیان بۆ دەکرێت، کە هەندێک لە بریندارەکان شکان لە جەستەیان هەیە و پێویستییان بە نەشتەرگەری هەیە.