سوودانی لە مووسڵ لەگەڵ ئەنجومەنی روحانی ئێزدییەکان کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری مووسڵ لەگەڵ ئەنجومەنی روحانی ئێزدییەکان کۆدەبێتەوە.

سعود مستۆ، راوێژکاری ئەنجومەنی رۆحانی ئێزدییەکان بە کوردستان24ی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری مووسڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنجومەنی روحانی ئێزدییەکان کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی شنگال و ئێزدییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن.

هاوکات بڕیاربوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شنگال بکات، بەڵام سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند بەهۆی ئامادەکاری هەندێک گرووپ و لایەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، سەردانی سوودانی بۆ شنگال هەڵوەشاتەوە.

ماوەی دوو رۆژە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری مووسڵە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری و پێکهاتەکانی شارەکە کۆبووەتەوە و لە دۆخی خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانی شارەکە دەکۆڵێتەوە.