چاڤی: بۆسكێتس باشترین یاریزانی مێژووی بارسێلۆنایه‌

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی بۆ یارییە چارەنوسازەکەی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ئیسپانیۆل هێنا، بارسێلۆنا به‌ بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه‌ راسته‌وخۆ ده‌بێت پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی لالیگا.

یاریزانانی بارسێلۆنا بۆ یەکەمجار لەوەتەی رۆژی 25ـی یەنایەری رابردوو بەرامبەر ریال سۆسیداد سەرجەم یاریزانانی بلاوگرانا بەشداری راهێنانەکانی یانەکەیان کرد و بانگهێشتی یارییەکە کراون. بارسا بە بردنەوەی لەم یارییە، بەشێوەیەکی فەرمی چوار گەڕ پێشکۆتایی هاتنی ئەم وەرزە ناسناوەکە یەکلایی دەکاتەوە.

جاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا پێش یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆل لە گەڕی 34ـی خولی ئیسپانیا گوتی: ئەوان یەکەمین هەلی بردنەوەی ناسناوی ئەم وەرزەیان لە بەردەمە، بۆیە بە پەڕۆشن بۆ یارییەکە.

چاڤی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ئیسپانیۆل گوتی: لەم یارییە بۆ جاری یەکەم لەم وەرزە چانسمان هەیە بۆ بردنەوەی خولەکە، ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە، ئەم یارییە دەرفەتێکی بەهێزە بۆ ئێمە. لەم یارییە چاوەڕێی ئیسپانیۆلێکی توند و بەهێز دەکەین، چونکە ئەوان لەم دواییانەدا باشتر بوونە و ئاستێکی باش پێشکەش دەکەن. ئێمە 200% ئامادەین و زۆر دڵخۆشین، ئەمە یەکەم چانسی ئێمەیە بۆ بردنەوەی خولەکە، وەرزێکی نایاب دەبێت ئەگەر خولەکە ببەینەوە، ئێمە دەمانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت خولەکە بەدەست بهێنین.

چاڤی ده‌شڵێت: من رێز لە بڕیارەکەی بوسکێتس دەگرم و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، پێم وایە سێرجیۆ بڕیارێکی باشی داوە، هەرچەندە رۆیشتنی لە یانەکەمان دڵگرانمان دەکات، بەڵام لە کاتێکی نایابدا دەڕوات، بۆ من سێرخیۆ هاوڕێیەکی گەورە بوو، ئەو زیرەکترین یاریزان بووە کە یاریم لەگەڵ کردبێت، بێگومان ئەو باشترینی مێژووی بارسێلۆنایە لە پێگەکەی خۆی. سەبارەت بە شوێنگرەوەکەشی من هەمیشە پشت بە یاریزانانی لاماسیا دەبەستم، بەڵام کاتێک دەبینین ناتوانین یاریزانێکمان لە لاماسیا دەستکەوێت، بێگومان دەبێت لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانێک بدۆزینەوە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر ناسناوی ئەم وەرزە بەدەست بێنین، جێرارد پیکێ بانگهێشتی ئاهەنگگێڕانەکە دەکەین. عوسمان دێمبلی زۆر بە باشی راهێنانی کردووە و 100٪ ئامادەیە و پێش یارییەکە بڕیار لەسەر چارەنوسی بۆ یارییەکە دەدەین.