کوردەکانی ناوچەی سەندران لە پارێزگای ئەنقەرە داوای پاراستنی زمان و کلتووریان دەکەن

ناوچەی سەندران لە پارێزگای ئەنقەرە
ناوچەی سەندران لە پارێزگای ئەنقەرە

K24 - ئەنقەرە

بەشێکی زۆری ئەو کوردانەی کە لە سەردەمی شەڕی سەفەوی و عوسمانییەکان ئاوارەبوون روویان لە تورکیا کردووە و نزیکەی 250 ساڵە لە شار و شارۆچکەکانی تورکیا دەژین، ئێستاش تەنیا داوای پاراستنی زمان و کلتووری خۆیان دەکەن.

گوندی یەنجە سەندران، کە دەکەوێتە پارێزگای ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و 100 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، زیاتر لە 250 ساڵە ئەو خەڵکەی لێی نیشتەجێیە، کوردن. وەک خۆیان دەڵێن، ئەوان سەر بە عەشیرەتەکانی شێخ بزێنی، رەشوانی، لەکی و جەلالین و بە زاراوەکانی کرمانجی و گۆرانی قسە دەکەن.

دانیشتووانی گوندی یەنجە سەندران، لە کاتی شەڕی عوسمانی و سەفەوییەکان ئاوارەبوون و روویان کردووەتەوە ئەو ناوچەیە و لە دەوروبەری ئانقەرە نیشتەجێبوون. ئێستا داواکاری سەرەکییان پاراستنی مافەکانیانە لە رووی زمان و کلتوور.

هاووڵاتییەکی بە تەمەنی دانیشتووی گوندی یەنجە سەندران کە لە یەکێک لە چایخانەکانی گوندەکە دانیشتووە، بە ئەفسانە محەممەدی پەیامنێری کوردستان24ـی گوتووە، ئەوان کوردن بەڵام هەموو کار و ژیانیان بە زمانی تورکییە، بۆیە داوا دەکەن مافی بەکارهێنان و خوێندن بە زمانی خۆیان بۆ نەوەکانیان بدرێت.

هەروەها ئەم کوردانە بە لەکی شێخ بزێنی یان کوردی هیمنەیی دەناسرێن و هەوڵیانداوە تائێستا پارێزگاری لە کلتووری خۆیان بکەن، تەنیا ترسی ئەوان لە ناوچوونی زمانەکەیانە کە تا ئێستا بە فەرمی لە لایەن حکومەتەوە رێگەیان پێنەدراوە قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی منداڵەکانیان، زمانی کوردی لە بیرنەکەن.

بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و دۆخی ئابوورییەوە، بەشێکی زۆری گەنجەکانی گوندی یەنجە سەندران بۆ خوێندن و کارکردن روویان لە ئەنقەرە و شارەکانی دەورووبەری گوندەکەیان کردووە. زۆر بە کەمی کەسێکی گەنج لەناو گوندەکەدا دەبیندرێت، ئەوانەی ماونەتەوە بە ساڵاچووەکانن کە هێشتا هیوایان هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.

هەرچەندە ئامارێکی ورد بەردەست نییە کە ژمارەی ئەو کوردانەی بەوهۆیەوە ئاوارەی ئەو ناوچەیە بوون چەندبووە و ئێستا ژمارەیان بووەتە چەند، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەشێک لە خێزانەکان لە ناوچەکانی تورکیا و تێکەڵبوونی گەنجەکان و کۆچکردنیان و تەواوکردنی خوێندن بە زمانی تورکی، بەساڵاچووەکان هەست بە ترسی لەبیرکردنی ئەو رەچەڵەکە کوردییە دەکەن لەلایەن نەوەکانیانەوە، ئەگەر هەوڵی جددی نەدرێت بۆ پاراستنی زمان و کلتوورەکەیان.

دانیشتووانی کوردی ناوچەی سەندرانی پارێزگای ئەنقەرە، بە ئومێدی ئەوەن لە دوای هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری تورکیا، دەسەڵات کاربکات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ناوچەکەیان و قوتابخانەیان بۆ بکرێتەوە کە تێێدا منداڵ و گەنجەکانیان بتوانن زمانی کوردیش بخوێنن و ناچارنەبن لە ناوچەکانی دیکە درێژە بە خوێندن بدەن کە ناچارن بە زمانی تورکی بخوێنن.  

ململانێکانی عوسمانی و سەفەوییەکان لە سەدەکانی پێشوو کە فەرمانڕەوایەتی ناوچەکانی ئێستای تورکیا، ئێران، کوردستان و عێراقیان دەکرد، کاریگەری لەسەر نەتەوەکانی ناوچەکە جێهێشت و بەو هۆیەشەوە کە کوردستان دەکەوتە نێوان سنووری فەرمانڕوایەتی عوسمانی و سەفەوییەکان، لە ئەنجامی شەڕ و ململانێکنیان دووچاری ئاوارەیی و وێرانبوونی ناوچەکانیان بوون.