شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ جووتیارانی سەرگەڕان: بڕۆن دەغڵودانەکانتان بدوورنەوە

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرجەم جووتیارانی گوندەکانی سنووری سەرگەڕان دەکەم بچن دەغڵودانەکانیان بدوورنەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانیم سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەیکردووە، بڕیاریداوە فشارەکانی سەر جووتیارانی کورد هەڵبگیرێت، بۆیە داوا لە سەرجەم جووتیارانی پەلکانە، گابەلەکە، شناغە، سەربەشاخ و تەواوی ئەو گوندانەی سنووری سەرگەڕان دەکات بچن دەغڵودانیان بدوورنەوە.

هەروەها ئەوەشی روونکردووەتەوە، "ئەو هێزەی تائێستا رێگری لێدەکردن لە ئەمڕۆوە دەبێت هاوکارتان بێت و پارێزگاریشتان لێبکات لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران کە بە سوپاسەوە لە دوای ئەوەی ئەو کێشەم لەگەل باسکرد دەست بەجێ بریاری هەلگرتنی ئەو فشارانەی لەسەر جووتیارانی ئەو ناوچەیەدا".

هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا دەربارەی جووتیارانی گوندی تۆبزاوە و یایچی و دەوروبەری، روونیکردووەتەوە، "دوای ئەوەی سەرەتا فشارەکەمان راگرت دواجار نووسراوێکمان بەژمارە 340 ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی عێراق کرد و داوامان کرد سەرجەم ئەو پرۆژانەی لەو ناوچانە ئەنجام دەدرێن رابگیرێن وەزارەتەکەش بە نووسراویان ژمارە 909 بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان داوادەکات کار بەناوەڕۆکی نووسراومان بکرێت".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی خان خورما، وەزارەتی شارەوانی عێراق نووسرواێکی بەژمارە 910 ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان کردووە و داوا دەکات کار بەناوەڕۆکی نووسراوی ئیمە ژمارە 309 بکرێت کە رێگە چارەی گونجاوی تێدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوکانداران و کاسبکارانی خان خورما .

هاوکات بۆ کێشەی دابەشکردنی زەوی بەسەر رۆژنامەنووسان و بێبەش کردنی بەشێکیان، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "سبەی بەفەرمی نووسراومان دەگاتە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئەمەش دوای پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا، لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کوردییەکانی پارێزگای کەرکووک هاتووە، "بڕیارماندا بەپێی ئەولەویەت پرۆژەکانی ئاوەڕۆ و کارەبا و کۆنکریت لەهەموو ئەو گەڕەکانەی کە پێش گەڕانەوەی ئێمە خزمەتگوزاریان بۆ نەدەچوو بە بیانووی تەجاوز، دەستی خزمەتگوازریان پێبگات و چەندین پرۆژەشمان جێبەجێکرد و ستافێکم لە نووسینگە راسپاردووە بۆ هەماهەنگی و راپەراندنی داواکاری هاووڵاتییان بەپێی توانا".

دەربارەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی، شاخەوان عەبدوڵڵا رایەگەیاندووە، "تەواوی ئەو هاووڵاتییانەی ناویان لە نووسینگەی ئێمە نووسیبوو، ناویان هاتووەتەوە و دوایون لیست 690 خێزانە و بەوەش دەکاتە دوو هەزار و 500 خێزان کە ناویان گەڕاوەتەوە و پەیوەندی لەگەڵ نووسینگە بکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری".