بەپاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان خوێندنی کوردی لە کەرکووک بەرەوپێشچووە

K24 - کەرکووک:

ساڵانە خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک پێشەنگی خوێندنەکانی دیکەیە، قوتابییانی یەکەمەکانی سەر ئاستی عێراقن.

ئەمڕۆ شەممە (13ــی ئایاری 2023)، بەشێک لە قوتابیانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە کوردستان24ــیان راگەیاند، هەرچەندە زمانی عەرەبی بە باشی دەزانن، بەڵام زیاتر ئارەزوویان بۆ خوێندنی کوردییە، وەک خۆشیان دەڵێن، داهاتوویەکی باشتر لە زمانی کوردی دەبینن.

شیرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بۆ کوردستان24 گوتی، لە رووی ژمارەی قوتابی، لە رووی بەدەستهێنانی تێکڕا نمرە بەرزەکانی شاری کەرکووک، دەیسەلمێنێت کە خوێندنی کوردی سەرکەتوو دەبێت و بەردەوام دەبێت.

لەکەرکووك زیاتر لە 500 قوتابخانەی کوردی هەیە، لەگەڵ بوونی حەوت هەزار فەرمانبەر و مامۆستای کورد، ئەمە جگە لەوەی 100 هەزار قوتابی له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ لە قوتابخانە کوردیەکان دەخوێنن.