دوو بەرپرسی میسر بەتۆمەتی بەهەدەردانی نۆ ملیۆن دۆلار دەدرێنە دادگا

K24 - هەولێر

دەسەڵاتی داواکاریی کارگێڕی لە میسر رایگەیاند، سەرۆکی پێشووی ئیدارەی ناوەندیی بەندەرەکان و سەرۆکی پێشووی دەستەی گشتی بەندەرەکان، رەوانەی دادگا کراون، بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە پارە و بەرژەوەندییەکانی گشتی بەندەرەکان کە بە زیاتر لە نۆ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی مەزەندە دەکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک، ئەو بڕیارەی سەرۆکی دەستەی داواکاریی کارگێڕی، راوێژکار عەدلی جاد دەرچووە، دوای لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکی دەستەی گشتی بۆ بەندەرەکان هاتووە، بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی پسپۆڕانی دەسەڵات لە کڕینی ئامێری بیمە بۆ بەندەرەکان، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە پێداویستییە راستەقینەکانیان بکرێت.

لێکۆڵینەوەکان ئەو دوو بەرپرسەی پێشوویان تۆمەتبار کردووە بەوەی هەریەکەیان بەپێی لێهاتوویی خۆیان، دوو نوسراویان ئامادەکردووە، کە دەستە پێویستی بە 188 ئامێری بیمە هەبووە، هەروەها گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەک ئەنجامداوە بۆ کڕینی ئامێری بیمە بۆ بەندەرەکان، بە رێککەوتنی راستەوخۆ، بە بڕە پارەیەک کە زیاتر لە 27 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەن. لە ئەنجامدا دەستەکە 68 ئامێری زیادەی کڕیوە، کە بەهاکەی زیاتر لە نۆ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکییە، جگە لەوەی گرێبەستەکە بە زمانی عەرەبی نەنووسرێت و تەنها بە زمانی ئینگلیزی دەنووسرێت، ئەمەش پێشێلکردنی رێسا کارپێکراوەکانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەروازەکانی دەسەڵات پێویستیان بە 120 ئامێر هەبووە،هەروەها  68 ئامێر لە پێویستی راستەقینە زیاتر ماونەتەوە، کە بەهاکەیان لە نۆ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی تێپەڕیوە.