بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا هاوپەیمانی کۆمار زۆرینەیە

هەڵبژاردنەکانی تورکیا
هەڵبژاردنەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا تا رێژەی جیاکردنەوەی 62%ـی دەنگەکان، هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆکایەتی ئاکپارتی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و پارتی چەپی سەوزیش تێپەڕاندنی بەربەستی 7% بۆ گەیشتن بە پەرلەمان مسۆگەرکردووە.

لە جیاکردنەوەی رێژەی 62.23%ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆکایەتی ئاکپارتی زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە بە رێژەی 330 کورسی، بەجۆرێک رێژەی دەنگەکانی ئاکپارتی گەیشتووەتە 36.95% (271 کورسی)، مەهەپەش رێژەی 11.25%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە (52 کورسی) و پارتی یەنیدان رەفاح بە رێژەی 2.84%ـی دەنگەکان (5 کورسی) بەدەستهێناوە.

لە بەرامبەردا هاوپەیمانی میللـەت لەو رێژەیەی جیاکردنەوەی دەنگداندا، 213 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا بەدەستهێناوە بەجۆرێک جەهەپە رێژەی 23.54%ـی دەنگەکان (168 کورسی) بەدەستهێناوە و ئیی پارتی رێژەی 9.90%ـی دەنگەکان (45 کورسی) بەدەستهێناوە.

هەدەپەش کە بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کردووە رێژەی 8.24%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە (58 کورسی)، بەم رێژەیەش دەتوانێت لە خولی داهاتوو پەرلەمانی فراکسیۆنی خۆی مسۆگەر بکات کە پێویستە بەربەستی 7% تێپەڕێنێت.

پەرلەمانی تورکیا لە 600 کورسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگای تورکیا دابەشکراوە کە زۆرتری کورسی لە ئیستانبوڵە بە 98 کورسی و پاشان ئەنقەرە دێت بە 36 کورسی.

لەبارەی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران، میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەکردووە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 88.29%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان کردووە و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە 87.21%.

رۆژی یەکشەممە (14ـی ئایاری 2023)، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو.

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام بوو و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداربوون، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێیان كرد.