ئەردۆغان: خەڵک ئێمەی هەڵبژاردووە

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

دوای گەیشتنی بە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بالکۆنی بارەگای سەرەکی ئاکپارتی لە ئەنقەرە گوتارێکی بۆ هەزاران لایەنگری ئاکپارتی و هاوپەیمانی کۆمار پێشکەشکرد و رایگەیاند، خەڵک ئەوانی هەڵبژاردووە بەڵام چاوەڕوانی ئەنجامە فەرمییەکان دەکەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، نزیکەی 27 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە و بە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دەنگ لە پێشی کاندیدی دووەمەوەین، هەروەها زۆرینەی پەرلەمانییان بەدەستهێناوە و بۆ پێنج ساڵی دیکەش خزمەتی هاووڵاتییانی تورکیا دەکەن.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، "وڵاتەکەمان لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار کۆتایی بە هاوسەنگی دیموکراسی هێنا". ئەگەر تا ئێستاش هیچ ئەنجامێکی فەرمی نەبێت، ئێمە لە پێشەوەین. ئێمە وەک ئەوانە نین کە ئەوەندە لە دواوەن، وا خۆیان نیشان دەدەن کە لە پێشەوەن. ئێمە زانیاریمان هەیە لە پێشەوەین، بەڵام ئەنجامە فەرمییەکان نازانین، چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین"

ئەردۆغان گوتیشی، "سەرکردەکانی جەهەپە و بەشێک لە سەرۆک شارەوانییەکان دەیانەوێت خەڵک فریو بدەن. سیستمی هەڵبژاردنی ئێمە نموونەیە لە جیهاندا. ئێمە هەمیشە پابەندبووین بە ئیرادەی میللەتەوە. ئێمە رێز لە ئەنجامەکان دەگرین و دەمانەوێت لە هەموو لایەکەوە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین".

کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار زیاتر گوتی، "ئێمە شانبەشانی تیرۆر نەبووین، لەگەڵ ئەوانە نەبووین، کە بوونە هۆی کوشتنی برا کوردەکانمان. ئێمە لەگەڵ ئەوانەی فەرمان لە قەندیل وەردەگرن یەکگرتوو نین، تەنها فەرمان لە خودا و میللەت وەردەگرین".