لە بەغدا هەڵاتووانی سەربازی سەردەمی رژێمی بەعس گردبوونەوە

K24 - هەولێر

لە بەغدا هەڵاتووانی سەربازی سەردەمی رژێمی بەعس ئەوانەی کە هەڵگری کارتی سوورن، گردبوونەوە و داوای گەڕاندنەوەی مافەکانیان دەکەن.

یەکێک لەو هاووڵاتییانەی گردبووەوە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "لە سەردەمی رژێمی پێشوو لەناو سوپای عێراقدا بووین و رەتمانکردەوە، بەگوێی فەرمانەکانی سەدام حوسین بکەین. ئەو کات سەدام هەستی بە مەترسی کرد و هەندێک هەنگاوی دژ بە ئێمە گرتەبەر و کارتی سووری پێداین، ئەمەش وەکو توڵەکردنەوەیەک بوو لە دژی ئێمە".

بەشێکی دیکەی هەڵاتووەکان کە قسەیان بۆ پەیامنێری کوردستان24 کرد، داوایان دەکرد، حکومەتی عێراق مافەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و وەکوو هاووڵاتییانی دیکەی ئەو وڵاتە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. وەکو خۆیان دەڵێن، رەتیانکردووەتەوە بەگوێی سەدام بکەن و هێرش بکەنە سەر کورد و کوێت و بەشداربن لە جەنگی ئێران – عێراق.

بەگوتەی یەکێک لەو سەربازانەی گردبووەوە، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق ژمارەی ئەو سەربازانەی هەڵگری کارتی سوورن، دەگاتە سەرووی حەوت هەزار و 600 کەس و ئاماژەی بەوەکرد، تا مەفەکانیان بۆ نەگەڕێننەوە، لە مانگرتن بەردەوام دەبن.