بایدن: لەبارەی قەرزەکان لەگەڵ کۆمارییەکان رێککدەکەوین

K24 - هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرکردەکانی کۆنگرێس، گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی قەرزەکان و دوورکەوتنەوە لە نەدانەوەی قەرزەکان.

بڕیاربوو رۆژی هەینی رابردوو، بایدن لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا، بەرزکردنەوەی "سەقفی قەرزەکان" یاساییە، رێگە بە گەورەترین ئابووری جیهان دەدات بەردەوام بێت لە پێدانی حیساب و باجەکانی بە قەرزدەرەکانی و کرێی کارمەندەکانی، کۆمارییەکان رێککەوتنەکە مەرجدار دەکەن بە بەرزکردنەوەی سەقفی قەرزەکان لە بەرامبەر کەمکردنەوەی بودجەدا.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژی یەکشەممە لە ویلایەتی دێلاوێر بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، پێشبینی دەکات رۆژی سێشەممە چاوی بە سەرکردەکانی کۆنگرێس بکەوێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی قەرزەکان و دوورکەوتنەوە لە نەدانەوەی قەرزەکان کە رەنگە ببێتە هۆی قەیرانێکی گەورە.

بایدن گوتیشی: "هێشتا گەشبینم، چونکە باوەڕم وایە کە خواستێک لە هەردوولاوە هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن".

بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، سەردانی ژاپۆن بکات، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گرووپی جی حەوت.

تا ئێستا سەقفی قەرزەکان بە 31 تریلیۆن دۆلار دانراوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە بۆ سەرجەم قەرزە سەروەرییەکان لە جیهاندا لە رووی رەهاوە.