ئەمڕۆ پێشانگای 'لە سفرەوە'ـەوەی قوتابیانی کۆلێژی هونەرە جوانەکان دەکرێتەوە
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ کاتژمێر 9:00ـی بەیانی پێشانگایەکی هاوبەشی قوتابیە بەهرەمەندەکانی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین بەناوی "لە سفرەوە" دەکرێتەوە.
پێشانگاکە زیاتر لە 40 تابلۆی رەنگاوڕەنگ لەخۆدەگرێت، کە بە سەلیقەی جوانی شێوەکارە بەهرەمەندەکان کێشراون و رەنگیان تێکەڵ بە سروشتی جوانی کوردستان کردووە و لە گەلەری میدیا پێشکەش بە ئارەزوومەندانی هونەری شێوەکاری دەکەن.
بەیاد عەبدوڵڵا رێکخەری پێشانگاکە لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، دەڵێت: قوتابیانی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، وەک هەموو ساڵێک سەلیقەی جوانی خۆیان لە نەخشاندنی تابلۆکانیاندا لە پێشانگایەکی هاوبەشی لەمشێوەیەدا کۆدەکەنەوە و دەیانەوێت جەخت لەوە بکەنەوە، هونەری هێڵکاریی و شێوەکاری هەمیشە هەنگاو بەرەو داهێنانی نوێ دەبات، تەنانەت ساڵانە زۆرترین تابلۆ، کە بە خامە رەنگاو رەنگەکانیان دەینەخشێنن لە چوارچێوەی پێشانگا هاوبەشەکەیاندا دەفرۆشرێن و خواستی زۆری ئامادەبووانی پێشانگاکەیان لەسەرە، کە ئەمەش هاندانێکی باشە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی هونەردۆست.
پێشانگاکە لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەکاری هەولێر و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەبێت و لە ئەمڕۆوە تا 18ـی ئایار کراوە دەبێت.