کوێستان محەممەد: کێشەی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی نامێنێت

کوێستان محەمەد، وەزیری کار بو کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەمەد، وەزیری کار بو کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەمەوبەدوا بەگوێرەی ژمارەى دانیشتووان، داهاتى پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و، چیدیکە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی نامێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی ئایاری 2023، کوێستان محەممەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شێوازی دابەشکردنی مووچە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەمەوبەدوا بەگوێرەی ژمارەى دانیشتووان، داهاتى پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و، چیدیکە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە لە پارێزگای سلێمانی نامێنێت، ھاوشێوەی پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی مووچە دابەشدەکرێت.

بەگوتەی ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەوبەدوا داھاتی ھەموو هەرێمی کوردستان دەچێتەوە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری و لەوێوە "بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە" بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.

کوێستان محەممەد روونیشیکردەوە، ئەم بڕیارانە لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دراون و سەرجەم لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون.

رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە رێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.