سێ دادگا سزای جیاواز لە دژی ئەو تاوانبارانە دەردەکەن کە تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری

K24 هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەرکردنی سزای جۆراوجۆری دژی چەند تاوانبارێک دەرکرد کە پەیوەست بوو بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان.

ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، رۆژی دووشەممە، 15ی ئایاری 2023، "دادگای تاوانەکانی بەسرە سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانبارێک دەرکرد، بە تاوانی فێڵکردن لە کچێکی بچووک و دواتر دەستدرێژی دەکاتە سەری و پاشان کوشتوویەتی و تەرمەکەی فڕێداوەتە ناو پاشماوەکانەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم رووداوە لە 12ی نیسانی2023دا روویداوە، تاوانباریش بەپێی بڕگەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی سزادراوە.

لەلایەکی دیکەوە دادگای تاوانەکانی رەسافە سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانبارێک دەرکرد بە تۆمەتی رفاندن و دەستدرێژیکردنە سەر دوو کچ لە بەغدا.

هەروەها دادگای تاوانەکانی سەڵاحەدین سزای پانزە ساڵ زیندانی بەسەر تاوانبارێکدا سەپاند بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێک.