دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بۆ هاووڵاتییانی رووسیا: پەیوەندیمان پێوە بکەن

لۆگۆی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا CIA
لۆگۆی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا CIA

K24 - هەولێر:

دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ناسراو بە (CIA) لە ڤیدیۆیەکدا پەیامێک ئاڕاستەی هاووڵاتیانی رووسیا دەکات، بە ئامانجی دامەزراندنیان بۆ سیخوڕیکردن بەسەر حکومەتی رووسیاوە.

کەناڵی CNNـی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکەوە بڵاویانکردەوە، لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر هانی رووسەکانی داوە زانیاری پێویست لەسەر حکومەتەکەی خۆیان بدەنە ئەمەریکا.

ئەو بەرپرسانەی CIA ئاماژەیان بەوەشدا، دوای ئەوەی حکومەتی رووسیا خزمەتی سەربازی بۆ بەشێك لە خەڵکی رووسیا کردە ناچاری، هاووڵاتییانی رووسیا زانیاری زیاتریان بە حکومەتی ئەمەریکا داوە.

بەهۆی ئەوەی زۆرینەی رووسەکان پلاتفۆڕمی تێلگیرام بەکاردێنین، یەکەم شوێن کە ڤیدیۆکەی CIA لێ بڵاوبووەوە ئەوێ بوو، لە کۆتایی ڤیدیۆکەشدا رێنمایی دراوە لەسەر چۆنێتی پەیوەندیکردن بە دەزگا هەواڵگرییەکەوە.

دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا لە بەشێكی پەیامەکەیاندا، بە هاووڵاتیانی رووسیا دەڵێن: "ئێمە لێتان تێدەگەین، رەنگە باشتر لەوەی بیری لێدەکەنەوە."

یەکێک لە بەرپرسەکانی CIA گوتی: هیوادارن ئەو رووسانەی کە لە بوارە هەستیارەکاندا کار دەکەن و دەستیان بە زانیارییە بەنرخەکان گەیشتوە پەیامەکەمان ببیستن.

پەیامەکەی CIA لە ڤیدیۆکەدا بە زمانی رووسی خراوەتەڕوو، بەرپرسێکی دەزگاکەش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لەوەکرد، ئەوان دەیانەوێت بە زمانی رووسەکان خۆیان لەگەڵیان بدوێن و تێیان بگەیەنن، کە ئەوان دەزانن بەچیدا تێدەپەڕن.

ئەوەی جێی سەرنجە، لەنێو ڤیدیۆکەدا ناوی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا نەهاتووە و باس لە جەنگی ئۆکرانیا نەکراوە، ئەمەش وادەکات پەیامەکە بۆ کاتێکی دیاریکراو نەبێت و هەمیشە وەک بژاردەیەکی کراوە لە بەردەم رووسەکاندا بێت.