هەدەپە لەدوای قۆناغی ئاشتییەوە 19 کورسی پەرلەمانی تورکیای لەدەستداوە

بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنگرانی هەدەپە - 2023
بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنگرانی هەدەپە - 2023

K24 – هەولێر:

هەدەپە یەکێکە لەو پارتە سیاسییانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون. لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 و بە دیاریکراویش لە قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە لوتکە و 80 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بارودۆخەکە پێچەوانەبوو دەنگێکی زۆری لەدەستدا.

سێیەم هەڵبژاردنە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشێوەیەکی بەردەوام دەنگەکانی لەدەست دەدات و بووەتە نەریتێکی نێگەتیڤی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکان. لە دوای شکستهێنانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تا ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ واتە 19 کورسیی لەدەستداوە.

پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) کە دواتر داخرا و لە شوێنی ئەو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دامەزرا،  لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2011ـدا بە بەدەستهێنانی 6.4 ـی دەنگەکان توانی 34 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا مسۆگەربکات. لەوکاتەدا، بەدەپە بەهۆی بەربەستی یاسایی پەرلەمان لەرێگەی کاندیدانی سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان کرد بۆیە ژمارەی دەنگەکان بەگوێرەی پێویست نەبوو، بە یەک لیستی دەیتوانی دەنگی زیاتر بەدەستبێنێت.

هەڵبژاردنەکانی 7ـی حوزەیرانی ساڵی 2015 و بەدیاریکراوی کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگەکانی بکاتە دوو هێندە و 80 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

ساڵی 2018 کە ئەوکات پرۆسەی ئاشتی شکستیهێنابوو، هەروەها لە رۆژئاوای کوردستانەوە تاوەکو خواکورک شەڕێکی بەرفراوان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەرپاببوو، لەو کاتەدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون و هەدەپە دەنگەکانی کەمکرد، بەشێوەیەک لە کۆی گشتیدا 13 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەچاو هەڵبژاردنی پێشتر لەدەستدا.

هەرچی پارتی دیموکراتی گەلانە (هەدەپە) کە لەم هەڵبژاردنەدا بەهۆی مەترسی داخستنی پارتەکە کە ئێستا دۆسیەکەی لە دادگای باڵای دەستووری تورکیایە، بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 2023 کرد و بەگوێرەی دەرئەنجامە بەراییەکان رێژەی 8.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەبێتە خاوەنی 61 کورسی لە خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018ـەدا، هەدەپە رێژەی 11%ـی دەنگ و 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.

ئەوەی لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی 2023ـدا دەرکەوتووە، ژمارەی دەنگەکانی هەدەپە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. کە لەژێر ناوی پارتیی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کرد و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەگەڵ لایەنە چەپەکانی تورکیا، لە هەموو پارێزگاکان کاندیدیان هەبوو. بەو پێیەش لە کۆتاییهاتنی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تاوەکو ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ، واتە 19 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەدەستداوە.

لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 کە گفتوگۆکانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە لەئارادابوو، پێگەی هەدەپە لە شانۆی سیاسی تورکیا، ژمارەیەکی کاریگەربوو بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکان، تا گەیشتن بە داواکردن بۆ بەشداریکردن لە پێكهێنانی حکومەت.

لەبەرامبەر ئەمەدا، بارودۆخەکە ئێستا پێچەوانە بووەتەوە و لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵدا، ئەو پێگە و هێزەی کە هەدەپە لە رابردوو هەیبوو، لەدەستی داوە و دوای ئاشکراکردنی دەرئەنجامە سەرەتاییەکانیش بەرپرسانی ئەو پارتە ئاماژەیان بە بەخۆداچوونەوە بە هۆکارەکانی ئەو دابەزینی رێژەی دەنگە کردووە.

لە 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو، رۆژی 15ـی ئایاریش، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی نەیانتوانیوە رێژەی (50% +1) بەدەستبهێنن، بۆیە لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەدەچێت.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا، هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستان، بەشێوەی لیستی داخراو دەنگیاندا و دەرئەنجامەکانیش ئەوە دەردەخەن، کە ئاکپارتی و هەدەپە رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییان کەمکردووە و مەهەپە و ئیی پارتیش پاریزگارییان لە ئاستی نوێنەرایەتی خۆیان لە پەرلەمان کردووە و جەهەپەش هەرچەندە رێژەی دەنگ و کورسییەکانی زیادکردووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت رێژەیەکی دیاری بۆ پارتی دەڤای عەلی باباجان و پارتی داهاتووی ئەحمەد داودئۆغڵو و پارتی سەعادەت بڕوات کە لەسەر لیستی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆیان کاندید کردبوو.

پەرلەمانی تورکیا لە 600 کورسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگای تورکیا دابەشکراوە کە زۆرتری کورسی لە ئیستانبوڵە بە 98 کورسی و پاشان ئەنقەرە دێت بە 36 کورسی.