لە نێجیریا هێرشکرایە سەر کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا؛ چوار کەس کوژران

K24 - هەولێر

لە ویلایەتی ئانامبرا باشووری رۆژهەڵاتی نێجیریا، هێرشێکی چەکداریی کرایە سەر کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بەپێی ئامارە بەراییەکان، چوار کەس کوژراون.

بەپێی هەواڵی راگەیاندنی نیشتمانیی نێجیریا، کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کە لە ویلایەتی ئانامبرا بوون بەمەبەستی چالاکی هاوکاری مرۆیی لە ناوچەی ئاۆگبارو رووبەڕووی هێرشێکی چەکداریی بوونەتەوە.

بەپێی ئامارە بەراییەکان لەو هێرشەدا، چوار کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

تۆجوکو ئیکەنگا، گوتەبێژی پۆلیسی ویلایەتی ئانامبرا هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هێزە ئەمنییەکانیان رەوانەی ناوچەکە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەبوجا لە راگەیەندراوێکیدا بڵاوی کردەوە کە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی نێجیریادا لە هاریکارییدان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.

رێکخراوی گەلی بیافرای رەسەن (IPOB) لە باشووری نێجیریا، ناو بە ناو ئەم جۆرە هێرشانە ئەنجام دەدات.

لە ساڵی 1967دا، گەلی بیافرا بەمەبەستی راگەیاندنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت لە باشووری نێجیریا راپەڕینی ئەنجامدا، بەو هۆیەشەوە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا و ملیۆنەها کەس کوژران.

کۆماری بیافرا لە ساڵی 1967دا لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دامەزرا، بەڵام لە کۆتایی شەڕەکەدا سەرلەنوێ چووەوە ژێر سەروەری نێجیریا.