رێواز فایەق: دەبێت هەموومان هەوڵبدەین هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت
K24 - هەولێر:
رێواز فایەق سەرۆک پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەڵێت، هیچ شتێک لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان گەورەتر نییە و دەبێت هەمووان هەوڵ بدەن هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت.
رێواز فایەق لە لێدوانێکیدا پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، هیودارن ئەم چەند ماددە کەمەی یاسای هەڵبژاردن ماوە لەسەری رێک بکەون.
گوتیشی: دەبێت هەموو لایەنەکان هەوڵبدەین هەڵبژاردن لە کات و وادەی دیاریکراویدا ئەنجامبدرێت، چونکە هیچ شتێک لەبەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان گەورەتر نییە.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە لەوەی، دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکان ئامادەبن، هەندێک سازش لە دواکارییەکانی خۆیان بکەن، بۆئەوەی لە خاڵێکدا بگەین بەیەک.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17/5/2023، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ژمارە سێی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی پێنجەم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان ئەنجام دەدات.
بە گوێرەی بەرنامەی کاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لەدانیشتنی ئەمڕۆ خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژە یاسایەک دەکرێت و دەنگدان لەسەر داوکاری دەستلەکارکێشانەوەی چەند پەرلەمانتارێک دەکرێت.