بڕیارێکی نوێ لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانە جێبەجێ دەکرێت

بەشەخۆراکی هاوڵاتیان
بەشەخۆراکی هاوڵاتیان

K24 - هەولێر

وەزارەتی بازرگانی عێراق، لەبارەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی بۆ راگرتنی بەشەخۆراکی بەشێک لە هاووڵاتییان روونکردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی ئایاری 2023، محەممەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، "بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ راگرتنی پسوولەی بەشەخۆراک پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە کە مووچەی مانگانەیان دوو ملیۆن دینار یان زیاترە".

حەنون دەشڵێت: "وەزارەت نووسراوی ئامادەکردووە و رەوانەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ئامادەکردنی بەشەخۆراک بۆ ئەو خێزانانەی کە مووچەکانیان لە دوو ملیۆن دینار کەمترە".

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق جەختیکردەوە: "هەر بازرگانێک لە بەشی تۆماری کۆمپانیاکان تۆمارکرابێت، دەخرێتە ناو بڕیاری لێبڕین یان راگرتنی پسولەی بەشەخۆراک و هەمان شت بۆ پزیشک و ئەندازیار و دەرمانسازەکانیش دەبێت".