روانگەی سووری: لە سووریا سێ کەسیان رفاندووە و داوای 90 هەزار دۆلاریان لێ دەکەن

ناوچەی  رفاندنەکە لە سەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان
ناوچەی رفاندنەکە لە سەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان

K24 - هەولێر

ژمارەیەک چەکدار لە سووریا سێ کەسی خەڵکی پارێزگای "سویدا"یان رفاند کە یەکێکیان ئافرەتە، هەروەها داوای پارەیەکی زۆر دەکەن لە بەرامبەر ئازاد کردنیان.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 17ی ئایاری2023، "چەتەکان" سێ کەسی خەڵکی پارێزگای سویدایان رفاند، رفێنەرەکانیش داوای 90 هەزار دۆلار دەکەن لە بەرامبەر ئازادکردنیان، هەروەها داواش دەکەن، پارەکە لە پارێزگای حومس رادەست بکەن، ئەوانیش کەسە رفێنراوەکان لە لوبنان ئازاد دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سێ کەسە لە رۆژی یەکشەممە، لە 14ی ئایار، ویستوویانە لە ناوچەی ئەلقەسیر لە پارێزگای حومس بەنایاسایی بچنە لوبنان، بەڵام لەوکاتەدا کاری رفاندنەکە ئەنجام دراوە، هاوکات شوێنەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حزبوڵڵای لوبنانیە.

ناوچەی ئەلقەسیر لەسەر سنووری نێوان سووریا و لوبنانە، هەروەها لەژێر هەژمونی میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنانیە، کە کاری بازرگانی " ماددەی هۆشبەر و خۆراک و بازرگانی کردن بە مرۆڤی تێدا دەکرێت.

روانگە راشیگەیاند، "چەتەکان" لە لادێیەکی رۆژئاوای حومس دوو کچیان لە شاری حەلەبەوە رفاندووە کە لە رێگادا بوون بۆ لوبنان، 20 هەزار دۆلاریان لێسەندوون لە بەرامبەر ئازادکردنیان.

بەگوێرەی چالاکوانانی روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ،  "شوجاع عەلی، یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی رفاندنی چەتەکانە لە ناوچەکانی رۆژئاوای حومس، هەروەها ئەو کەسە نزیکە لە حزبوڵڵای لوبنانی و ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد، کە تاکە بەرپرسیارە لە رفاندنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە سوریاوە بپەڕنەوە بۆ لوبنان بە شێوەیەکی نایاسایی.