شاندێکی دەزگای مین لە جنێف لەگەڵ نوێنەری وڵاتی سلۆڤینیای کۆبووەوە

K24 - هەولێر

لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جیهانی کۆمەڵەی شارەزایانی حکومیی (GGE) پسپۆر لەبارەی سیستمی چەکە کوشندە خودکارەکان، کە لە شاری جنێف، وڵاتی سویسرا بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت، شاندی بەشداربووی دەزگای گشتی مین لە کۆنفرانسەکەدا، دیدارێکی تایبەتیان لەگەڵ نوێنەری وڵاتی سلۆڤینیای بەشداربوو لە کۆنفرانسەکە ئەنجامدا.

لە دیدارەکەدا شاندی دەزگا لە رێگەی نوێنەری وڵاتی سلۆڤینیاوە، سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانیان ئاراستەی گەل و وڵاتی سلۆڤینیا کرد، لەپای ئەو یارمەتیدانەیان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پاککردنەوەی خاکی کوردستان لە مین و پاشماوەی جەنگی.

لای خۆیانەوە نوێنەری وڵاتی سلۆڤینیا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە هەمبەر ئەو کارە مرۆییەی کە ئەنجامی دەدەن و دووپاتی پاڵپشتیان کردەوە.

وڵاتی سلۆڤینیا لە رێگای رێکخراوی ITF، لە ساڵی 2022 یارمەتی هەرێمی کوردستانیانداوە و بەیارمەتی ئەوان بەشێک لە کێڵگەمینەکان لەلایەن تیمەکانی دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان پاککرانەوە و بۆ ئەمساڵیش هاوکارییەکانیان بۆ هەرێم بەردەوامە و تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی کێڵگە مینەکانن.

کۆنفرانسەکە رۆژی دووشەممە 15/5/2023، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف دەستی بەکارەکانی کرد، کە پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت، هەر یەک لە عەلی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین  هەولێر و جەلال جەعفەر بەڕێوەبەری گشتی کارووباری مین/ گەرمیان، لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن.