فازڵ میرانی: سەرۆک بارزانی کردنەوەی یادگەی بارزانی بۆ راگەیاندنی دەستپێشخەری بەگونجاوزانی

"دەکرێت رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتی بکرێتەوە"

K24 - هەولێر

فازڵ میرانی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سەرۆك بارزانی کردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانی بە گونجاوترین بۆنە زانی بۆ راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی و دەشڵێت: پشتیوانی لە هەنگاوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.

فازڵ میرانی،  لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاندووە "سەرۆك بارزانی، رێوڕەسمی كردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانی کە زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق تیایدا ئامادەبوون بە گونجاوترین بۆنە زانی بۆ راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی".

لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی فازل میرانی دەڵێت: "ھۆكارگەلێك ھەن كە هاندەرن رێککەوتنێکی ھاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی پێشوو بکرێتەوە، بەڵام دۆخی ئێستا و دۆخی ئەوسا لە یەکتری جیاوازن، لە دوای هەڵبژاردن و پەیڕەوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن زەمینەسازییەکە بۆ رێککەوتنێکی تازە".

دەشڵێت: "بە بۆچوونی ئێمە رێککەوتنێکی فراوانتر بێت خەڵکی تری تێدا بێت باشترە، هەر کاتێک پارتی و یەکێتی لە یەکتری نزیک بوونەوە پێکەوە کاریان کردووە و زۆربەی زۆری کات هێزەکانی کوردستان هاوکاربوون یان بوونە هاوبەش".

لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیش، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێ: "بەدڵنیاییەوە پشتیوانی لە کاک مەسرور دەکەین لەسەر ھەر شتێك رێککەوتبێت ئێمە پشتگیری سەرۆک وەزیرانی خۆمان دەکەین".