ناکۆکیەکان دەربارەی ناردنی فڕۆکەی ئێف 16 بۆ ئۆکرانیا زیاتر بووە

فڕۆکەی F16
فڕۆکەی F16

K24 – هەولێر:

هەوڵێکی نوێ لە لایەن بەریتانیا و هۆڵەنداوە دەدرێت بۆ ئەوەی فڕۆکەی F16 بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن، بەڵام ناکۆکی هەیە لەنێوان هاوپەیمانان و تاوەکو ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمەریکی ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەک لە وڵاتانی هاوپەیمانانی ئەوروپا رازین لەسەر دابین کردنی فڕۆکەی F16 بۆ ئۆکرانیا، بەڵام ئیدارەی جۆو بایدن دەبێت رەزامەندی لەسەر بڵاوکردنەوەی فڕۆکە ئەمەریکیەکان بدات، ئەویش تاوەکو ئێستا رازی نەبووە فڕۆکەی F16 بە ئۆکرانیا بدات.

بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رۆژنامەکەی گوت: گومانی واشنتن ئەوەندە قووڵە کە لە ئێستادا رێگە بە فڕۆکەوانەکانی کیێڤ-ش نادات راهێنان بە فڕۆکەکانی F16 بکەن.

دوودڵی ئەمەریکا لە رێگەدان بە راهێنانی فڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا سنووردار دەکات، ئەمەریکا لە ئێستادا دەیەوێت خۆی بپارێزێت لە هەر رووبەرووبونەوەیەک لە گەڵ رووسیا.

رۆژی چوارشەممە، 17ی ئایاری2023، بن واڵاس، وەزیری بەرگری بەریتانیا لە بەرلین رایگەیاند، " ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئاماژەیەک بنێرین بۆ رووسیا کە ئێمە وەک وڵاتانی ئەوروپا هیچ ناکۆکیەکمان نیە لە دابین کردنی فڕۆکەی  F16، بەڵام کۆشکی سپی بڕیار دەدات کە ئایا دەیەوێت ئەم تەکنەلۆژیایە بڵاو بکاتەوە یان نا.