هاوار محەممەد: تەنها لەسەر کورسی پێکهاتەکان رێککەوتن نەکراوە

هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان،
هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان،

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رەیگەیاند، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کێشە و گرفتی نێوانییان چارەسەکراوە و رێککەوتنکراوە، تەنها لەسەر لەسەر پرسی کورسی پێکهاتەکان رێککەوتن نەکراوە.

رۆژی (17ـی ئایاری 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ــی کوردستان24، رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵیداوە یەكڕیزی لەگەڵ هەموو لاینەکان بپارێزێت و خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیشیان چارەسەربکات

هەروەها راشیگەیاند، لە نزیکترین دەرفەتدا پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە، هەروەها کێشە و گرفتی نێوان پارتی و یەکێتی چارەسەرکراوە و رێککەوتنکراوە، تەنها لەسەر پرسی پێکهاتەکان رێککەوتن نەکراوە.

گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەوەکردەوە، تەنها پرسی پێکهاتەکان ماوە چارەسەربکرێت،"وەک پارتی دیموکراتی کوردستان رامانگەیاندووە، پێوێستە  پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیانبدەن".

ئاماژەی بەوەشدا،"یونامی و یەکێتیمان سەرپشککردووە، کە بچن لەگەڵ پێکهاتەکان کۆببنەوە چیان پەسەندکرد  ئەگەر لە بەرژەوەندی پارتیش دانەبێت و لە بەرژەوەندی گشتی دابێت ئێمە وەک پارتی قبوڵی دەکەین".

لەکاتێکدا دوێنێ (16ـی ئایاری 2023)، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژ، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر بە بایەخەوە لە دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی دەڕوانن و پێیان گوتین، پەیامێکی مێژوویی بوو.

ئاشکرایکرد، رۆژێک دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، مەکتەبی سیاسی پارتی پاڵشتی خۆی بۆ دەستپیشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دووپاتکردەوە و رۆژی دوای ئەوەش بروسکەمان بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نارد کە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و ئەوانیش دواتر بە بروسکەیەک وەڵامیان دایەوە و ئەمڕۆ لە سلێمانی سەردانمان کردن و زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە شاندەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی کرا.

هەروەها راشیگەیاند، پارتی و یەكێتی بڕیاریانداوە كە لەسەر كۆمەڵێك دۆسیه‌ گفتوگۆ بكەن كە پرسی ھەڵبژاردن و رێككەوتنی سیاسی نێوان ھەردوو حزبیشی تێدایە، هەردوولا پەرۆشین بە تێگەشتنێکی وردترەوە کیشەکان چارەسەربکەین.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەشکرد، بڕیاردراوە لە زووترین کاتدا دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی بە بەشداری هەردوو سەرۆکی فراکسیۆن کۆببنەوە و دەستنیشانی خاڵە جیاوازەکان بکەن لەسەر پرسی هەڵبژاردن.

گوتیشی: گرنگە پێش 24ی مانگ بگەینە رێكکەوتن، چونکە ئەو کاتە دادگای فیدراڵی دادەنیشێت و بڕیار لەسەر  ئەو درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان و هەڵبژرادن دەدات، پێویستە دیدگای هاوبەشمان هەبێت بۆ بڕیارەکانیان.

هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، مافی هەموو خەڵکی  کوردستان و پێکهاتەکانە کە هەلبژرادن ئەنجام بدرێت، هەروەها خواستێکی نێودەوڵەتیشە، هەروەک لە راگەیەندراوێک 13 کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی دیبلۆماسی، داوەدەکەن هەڵبژاردن دوانەخرێت.

لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سیڤیەکان ئامادەن بۆ ئەو دوو شوێنەی کە لە کۆمیسیۆن بەتاڵن، ئومێد وایە پێش سەری مانگ کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە.

هەروەها گوتیشی، ئەگەر ئیرادە و یارمەتی هەموو لایەنەکان هەبێت کۆمیسیۆن بە کەمتر لە شەش مانگ دەتوانێت ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات و دەتوانین لە 18ــی 11 هەڵبژاردن ئەنجام بدەین.

سەبارەت بە پرسی پێکهاتەکان، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەکرد، "لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ئێمە بۆمان نییە بڕیار لەبری پێکهاتەکان بدەین، هەروەها ئەگەر پێکهاتەکان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان رازی بن بەوەی هەر 11 کورسی بۆ سلێمانی بێت پارتی لاری نییە و پشتیوانی لە بڕیاری پێکهاتەکان دەکەین، پێکهاتەکان نابنە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی هەلبژاردندا".

لەبارەی هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پێویستە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان پێکەوە دانیشین و گفتوگۆی ئەو قۆناغەی ئێستا بکەین، بڕیار بدەین چۆن رووبەرووی هەڕەشەکان و مەترسییەکان ببینەوە، کە لەسەر هەرێمی کوردستاندا هەیە، دەبێت پێکەوە نەخشەرێگایەک دابنێن کە چۆن بەرەو پێش بچین.

هەروەها راشیگەیاند، هەڵبژاردن نەکرێت قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر هەڕەشەیەکی گەورە، هاوکات هاوکاری وڵاتانیش بەندە بە پابەندی هەرێم بۆ پڕۆسەی دیموکراسی.

هێمن هەورامی، گوتیشی: "پارتی ئامادەیە رێککەوتنی ستراتیژی نوێ لەگەڵ یەکێتی بکرێت، یان بە رێککەوتنەکاندا بچینەوە چی جێبەجێ نەکراوە کاری زیاتری لەسەر بکەین، دەکرێت رێککەوتنێکی نوێتریش ئەنجام بدرێت، چونکە دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەخوازێت پارتی و یەکێتی بە حساباتی خۆیاندا بچنەوە".