خوێندکارانی بەشەناوخۆیی کچانی زانکۆی سلێمانی داوای ئاو و کارەبا دەکەن

گردبوونەوەی خوێندکارانی بەشەناوخۆیی زانکۆی سلێمانی
گردبوونەوەی خوێندکارانی بەشەناوخۆیی زانکۆی سلێمانی

K24 – سلێمانی:

بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکە گردبوونەوە و بۆ ماوەیەک هاتووچۆیان لە شەقامی سەرەکی قلیاسان پەکخست.

یەکێک لە خوێندکارەکان بە نیان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە سێ رۆژە لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی ئاو و کارەبایان نییە و لە دۆخێکی خراپدا دەژین و بەوهۆیەوە ناتوانن خواردن و پێداویستییەکانیان ئامادەبکەن.

خوێندکارانی بەشەناوخۆیی کچانی زانکی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکەن، هەوڵدراوە بە تانکەر ئاو بۆ بەشەناوخۆییەکانیان دابین بکەن بەڵام "ناتوانن چەند نهۆمێک بێنە خوارەوە بۆ دەموچاو شۆردنێک".

هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد، بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا لە بەشەناوخۆییەکانیان، چەند رۆژێکە بەشێک لە خوێندکاران بە "کێک و ساردی" ژەمی خواردنەکانیان بەرێدەکەن و نەیانتوانییەوە خواردن ئامادە بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فێستیڤاڵی ساڵانەی زانكۆی سلێمانی بەناونیشانى (زانكۆ لە شاڕێی متمانەی كۆمەڵگەدا) بەڕێوەچوو.

هاوکات کێشەی نەبوونی ئاو و کارەبا لە بەشەناوخۆیی کچانی زانکۆی سلێمانی نوێ نییە و پێشتریش لە ساڵانی رابردوو چەند جارێک خۆپیشاندانیان کردووە و داوای چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەیان کردووە، وەک خوێندکارەکان خۆیان دەڵێن، ئەمجارەش داواکانیان بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ و بەرپرسانی بەشەناوخۆییەکەیان بەرزکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی تەواو کێشەکانیان چارەسەرنەکراوە.