پرۆژەیاسای ئازادی رادەربڕین ناڕەزایەتی شەقامی عێراقی لێدەکەوێتەوە

K24  - بەغدا:

پەرلەمانی عێراق بۆ رێکخستنەوەی ناڕەزایەتییەکان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ رەشنووسی پرۆژەیاسای ئازادی رادەربڕین و تاوانەکانی زانیاری خۆپێشاندانی ئاشتییانە ئەنجامدا.

لەلایەن خۆیەوە سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستان24ــی راگەیاند، لە عێراقدا رۆژانە خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت، هەروەها ئەم خۆپێشاندانە پێویستی بە یاسایەکە بۆ ئەوەی رێکبخرێتەوە، ئەم یاسایەش لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.

لە رەشنووسی پرۆژەیاسای ئازای رادەربڕیندا هاتووە، دەبێت بۆهەر خۆپێشاندانێک مۆڵەتی پێشوەختە وەربگیرێت. لەو بارەیەوە زەینەب حاتەمی، چالاکوان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، "پابەندی بڕیاری لەو جۆرە نابین، ئێمە لە مافی خۆمان خۆشنابین و بەردەوام خۆپێشاندان دەکەین تا مافەکانمان بەدەست دەهێنین، باشتر وایە سەرۆکوەزیران لە خەمی خەڵکدابێت".