ئهردۆغان: بە سەرکەوتوویی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنمان تەواوکرد گەڕی دووەمیش بچنەوه سەر سندوقەکانی دهنگدان

K24 – هەولێر:
سەرۆکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سوپاسی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتی کرد، کە لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاردا چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و داوایکرد بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش دووباره بچنەوه سەر سندوقەکانی دەنگدان.
ئەردۆغان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەپەیامێکدا بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات، رایگەیاند: "هاووڵاتیانی خۆشەویستم، ئێمە بە سەرکەوتوویی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنمان تەواوکرد و ژمارەی پێوانەییتان لە رێژەی بەشداریکردندا تۆمار کرد".
لە 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو، رۆژی 15ـی ئایاریش، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی نەیانتوانیوە رێژەی (50% +1) بەدەستبهێنن، بۆیە لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.5%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.89%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 87%، رەجەب تەیب ئەردۆغان، 27 ملیۆن و 88 هەزار و360 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 568 هەزار و 196 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 829 هەزار و 634 دەنگ.