پارتی و کۆمەڵ: پێویستە کێشەکان چارەسەربکرێن و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت

کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و کۆمەڵ لە هەولێر
کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و کۆمەڵ لە هەولێر

K24 - هەولێر

پارتی و کۆمەڵ جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکەنەوە و پێویستیشی دەزانن، لایەنە سیاسییەکان لەسەر کێشەکان بگەنە رێککەوتن.

ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئایاری 2023، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بارودۆخی هەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی فازل میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی، سەردانی کۆمەلی دادگەریی کوردستانیان کرد و لەلایەن عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵ و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئەو حزبەوە پێشوازییان لێ کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمەڵی دادگەریی، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، "پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت و هیچ پاساوێك نەبێت بۆ ئەنجامنەدانی، چونکە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە".

هەردوو شاندی پارتی و کۆمەڵی دادگەریی، بەپێویستیان زانیوە "هەرچی زووترە چارەسەری ئەو کێشانە بکرێن کە لایەنەکان لەسەری ناکۆكن، بۆ ئەوەی بەبێ هیچ پاساوێك هەڵبژاردنەکان لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێن."

لای خۆیەوە، عەبدولستار مەجید، ئەندامى ئەنجوومەنى سیاسی کۆمەڵى دادگەرى بە کوردستان24ـی راگەیاند، "كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ پارتی ئاسایی و دۆستانە بووە و باسمان لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و كۆمەڵی دادگەری و ھەڵبژاردن بووە و لەگەڵ ئەوەداین ھیچی دیكە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوانەخرێت".

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کوردستان، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامیەتی پشتیوان سادق، عەلی حوسێن و جەعفەر ئێمینکی سەردانی بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان کرد لە هەولێر.

ئەم سەردانەی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە چوارچیوەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دێت بۆ ئاشتەوایی کە 11ـی ئەم مانگە سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی، کە داوای لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان کۆبووەوەیەکی فراوان ساز بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان کۆبوونەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسی هەمواکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.

هەروەها رۆژی سێشەممە (16ـی ئایاری 2023)، کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوایان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن.

هاوکات رۆژی (پێنجشه‌ممه‌ 18ـی ئایاری 2023) جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق له‌ میانی پێشكه‌شكردنی راپۆرتێك له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023ـی دیاریكردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ هه‌ر چۆنێك بێ نابێت هه‌ڵبژاردن له‌وه‌ زیاتر دوابكه‌وێت و ده‌بێت هه‌مووان به‌و واده‌یه‌ پابه‌ند بن.

رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".

بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.

پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.

هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.