ئەمەریکا چاوەڕێی لێشاوی کۆچبەران دەکات

kurdistan24.net

K24 - واشنتن

هەفتەی رابردوو ئیدارەی واشنتن برگەی 42 کە تایبەت بوو بە رووبەڕووبوونەوەی باری لەناکاو و لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ راگەیەندرابوو لەکارخست، ئەگەرچی چاوەڕوان دەکرا لێشاوی کۆچبەران لە باشووری ئەمەریکا بۆ نێو وڵاتەکە زیاتربێت، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکان پەڕینەوەی کۆچبەران لە سنووری مەکسیکەوە بۆ نێو خاکی ئەمەریکا بۆ نیوە دابەزیوە.

کۆمارییەکان، دیموکراتەکان بە ئاسانکاری بۆ هاتنی کۆچبەرە نایاساییەکان تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن: کۆچبەران بە هێنانی ماددەی هۆشبەر و تاوانکردن بوونەتە مەترسی لەسەر ئەمەریکا.

شارەکانی ئەمەریکا لە ئامادەکاریی بەردەوامدان بۆ پێشوازیکردن لە لێشاوی کۆچبەران، ئەمەش دوای ئەوەی جۆو بایدن هەفتەیەک لەمەوبەر کۆتایی بە بڕگەی 42 هێنا کە ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا لە ئاداری ساڵی 2020 وەک رێکاری رووبەڕووبوونەوەی باری لەناکاو لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند. هەردوو ئیدارەی ئەمەریکا بەو بڕگەیە مامەڵەیان لەگەڵ کۆچبەرە نایاساییەکان دەکرد کە لە سنووری مەکسیک دەپەڕینەوە نێو خاکی ئەمەریکا. ئێستا بڕگەی 8 بەرکارە و کۆشکی سپی هۆشداری دا کە سنوورەکان کراوە نین و یاساکان تووندتر کراون.

لەوبارەوە چاپ پیتەرسن سیناتۆر، بە کوردستان24ی گوت: "پێموایە دەبێت سنوورێکمان هەبێت و هەندێک دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنیشمان بەسەریدا هەبێت، ئەگەر خەڵک بەسەر سنوورەکەدا بەبێ هیچ پاساوێک و کۆنترۆڵکردنێک بێن، دەبێتە کارەسات لەو ویلایەتانەی باشوور و تەواوی وڵات".

گوتیشی: "بە بڕوای من ئیدارەی بایدن هەوڵدەدات هاوسەنگییەک رابگرێت و رێز لەو کەسانە بگرێت کە شایستەی پێدانی مافی پەنابەرێتین، لەلایەکی دیکەوە ناکرێت هەر کەسە و بەبێ پاساوێک سنوور ببڕێت و بێتە نێو وڵات".

ئەو رەوتەی کە دژی کۆچبەرە نایاساییەکانە لە ئەمەریکا، پێی وایە کۆچبەران بوونەتە مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان و لەکاتی هاتنیان بۆ نێو خاکی ئەمەریکا ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ خۆیانن دەهێنن و رێژەی تاوانیان زیاد کردووە.

سەددام ئەزلان سەلیم، بەربژێر بۆ ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا: "بابەتەکە ئەوەیە کە شەپۆلێک لە پەنابەر روو لە وڵات دەکەن، کە راستییەکەی ئەمە کێشە نییە، کێشە ئەوەیە کە نەتوانرێت بە کاتێکی دادپەروەرانە وەڵامی پەنابەران بدرێتەوە، لەبری ئەوەی بە هەفتە یان بە مانگ وەڵامیان بدرێتەوە، پڕۆسەکە چەندین ساڵ دەخایەنێت. بۆیە کەڵەکەبوونی کەیسەکان کێشەیە و دەبێت چارەسەری بکەین. دەبێت واز لەوە بێنین و بڵێین پەنابەران روو لەم وڵاتە دەکەن و ئازاری خەڵک دەدەن و دەرمانی زیانبەخش لەگەڵ خۆیان دەهێنن. ئەو پەنابەرانەی دێنە ئێرە ئەو کەسانەن کە لە وڵاتانی خۆیان تووشی ئەشکەنجە دەبنەوە".

لە سەرەتای ساڵی 2021ـەوە واتە لەو کاتەوەی جۆو بایدن بووەتە سەرۆکی ئەمەریکا، زیاتر لە چوار ملیۆن و 600 هەزار کۆچبەر لە سنووری مەکسیک پەڕیونەتەوە نێو خاکی ئەمەریکا کە زۆترینیان خەڵکی وڵاتانی ئەمەریکای لاتینن.

چەندین دەیەیە پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ نێو خاکی ئەمەریکا بووەتە جێگەی مشتومڕ و بابەتی گەرمی هەڵبژاردنەکان. کۆمارییەکان و دیموکراتەکان کامەیان لە کۆشکی سپی فەرمان بەدەست بووبێت، نەیانتوانیوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ قەیرانی کۆچبەریی لە وڵاتەکەیان بدۆزنەوە.