مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی
مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی

K24 - هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ لە سلێمانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت دوێنێ هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لەبارەی پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەکرێت.

دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی پارتی و یەكێتی دەربارەی هەڵبژاردن، دوای دەستپێشخەری سەرۆک مەسعود بارزانی دێت، کە لە رۆژی 11/5/2023، لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکیدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی فراوان ساز بکەن. سەرۆک بارزانی، گوتی: بانگەوزاێك بۆ هەموو لایەن سیاسییەکانی کوردی دەکەم، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەن و تێیدا هەموو کێشەکان باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

پاش دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، شاندێکی پارتی و یەکێتی رۆژی 16/5/2023، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "هەردوو لا بڕیارماندا وەک  یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش  ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەن".

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە سبەی یەکشەممە 21/5/2023، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کۆببنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو هەنگاوانە دەکەن کە بەشی هەڵبژاردنی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە.