د. پشدەر عەبدوڵڵا: حاڵەتەکانی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە سلێمانی کەمیکردووە

kurdistan24.net

K24 – سلێمانی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەراورد بە رۆژانی رابردوو، حاڵەتەکانی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە سلێمانی کەمیکردووە.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "حاڵەتەکان بەراورد بە پێشوو کەمیکردووە، پێشتر رۆژانە لە سەروو 10 کەس بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانە دەخەوێنران، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە کەمبووەتە بۆ پێنج یان زیاتر، بەڵام ئەو کەمبوونەیەوە بەو مانایە نییە بڵێین نەخۆشییەکە نەماوە".

گوتیشی: "ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێن زۆربەیان دوای دوو رۆژ تەندروستیان باش دەبێت و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، ئەوانەشی کە تا و سەر ئێشەیان زۆرە زیاتر دەمێننەوە، بە گشتی دوای وەرگرتنی چارەسەر هەموویان بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە ماڵەوە".

د. پشدەر، باسی لەوەشکرد: "خۆشبەختانە تائێستا هیچ حاڵەتێکی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە سلێمانی تۆمار نەکراوە".

هۆکاری کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی لە سلێمانی گەڕاندەوە، بۆ خۆپارێزی هاووڵاتییان و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی لە سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها تەواو بوونی دەوامی قوتابخانەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ دڵنیابوون لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە نموونەی پشکنینیان داوەتە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوانیش دەیبەن بۆ دوبەی بۆ ئەوەی هۆکارەکە ئاشکرا بکرێت.

نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی بەربڵاوە، بەگوێرەی ئامارەکان تائێستا 100 کەس لە هەڵەبجە تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە و زۆربەیان دوای چارەسەر باری تەندروستیان باش بووە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە تیمێكی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، سه‌ردانی پارێزگاكانی هه‌ڵه‌بجه و سلێمانییان كرد.

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی، تائێستا 250 منداڵ لە سلێمانی تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوونە، لەو ژمارەیە زۆربەیان چارەسەریان وەرگرتووە و نەخۆشخانەیان جێهێشووە.