"میلیشیایەک لە دێرەزوور مێرمنداڵان بە مووچەی 40 دۆلار دادەمەزرێنێت"

وێنە ئەرشیف: AFP
وێنە ئەرشیف: AFP

K24- هەولێر:

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، میلیشیای ئەلقاترجی دەیان مێرمنداڵ دادەمەزرێنن و چەکداریان دەکەن، بۆ ئەوەی وەک پاسەوانی ئۆتۆمبێلی ئەمنی بەکاریان بهێنن.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، بە سوود وەرگرتن لە خراپی بارودۆخی ژیانیان، میلیشیای ئەلقاترجی مێرمنداڵانی تەمەن 14 بۆ 17 ساڵی لە لادێکانی دێرەزوور دادەمەزرێنن، لە بەرامبەر کارکردنیان مانگانە مووچەی 400 هەزار لیرەی سوورییان پێدەدرێت، کە یەکسانە بە 40 دۆلاری ئەمەریکی.

سەرچاوەکانی روانگەی سووری پشتڕاستی دەکەنەوە، کە دامەزراندنی منداڵان رێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانی زیادکردووە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا.

روانگە ئاماژەی بەوەشکرد، میلیشیای ئەلقاترجی کار لەسەر گواستنەوە و قاچاغکردنی سووتەمەنی لە ناوچەکانی "هەسەدە" بۆ ناوچەکانی رژێمی سووریا دەکات، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی رۆژهەڵاتی سووریایان  دامەزراندووە بۆ پاراستنی کاروانە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان و کۆگاکانی سەر بە کۆمپانیای ئەلقاترجی.

کۆمپانیای ئەلقاترجی بە یەکێک لەو کۆمپانیایانە دادەنرێت کە لە هەندێک وڵات وەک سعودیە و عومان دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە، بەهۆی پەیوەندییەکانی بە میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سعوودیە "واس" ریاز لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022 رایگەیاند، میلیشیای "ئەلقاترجی" بەهۆی رۆڵی ئاسانکاری کردن لەبازرگانی سووتەمەنی بۆ رێکخراوی "داعش" و هاوکاری لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، خرایە نێو لیستە تیرۆرەوە.