ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوە دەرچووە بڵێین 'دەکرێت یان ناکرێت'

K24 - هەولێر

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دووپاتیدەکاتەوە؛ حزبەکەی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و پرسی "هەڵبژاردن لەوە دەرچووە بڵێین دەکرێت یان ناکرێت". روونیشیکردەوە، سەردانەکانی چەند رۆژی رابردووی پارتی بۆ لای لایەنەکان بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و پرسی پێکهاتەکان بووە.

ئەمڕۆ شەممە 20ـی ئایاری 2023، ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سەردانەکانی چەند رۆژی رابردووی شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەمورکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، پرسی پێکهاتەکان و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی؛ میوانی بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 ىوو، کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی کرد.

شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، گەڕێکی سەردانەکانی بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە  و تا ئێستا لەگەڵ هەر یەک لە کۆمەڵی دادگەریی، یەکگرتووی ئیسلامی، حزبی شیوعی، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری و بەرەی تورکمانی کۆبووەتەوە.

بەگوتەی نانەکەلی، لە کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردوودی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان؛ شاندی مەکتەب سیاسی حزبەکەی  را و بۆچوونی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، پرسی پێکهاتەکان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژارتن وەرگرتووە و مەبەستی بووە "ئەو پەڕی ئاسانکاریی بکات وەکو هێزێکی گەورە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

 

 

ئاری نانەکەلی گوتی: "پێموایە (هەڵبژاردن) لەوە دەرچووە، بڵێین، دەکرێت یان ناکرێت؛ دەبێت بکرێت، چونکە چارەنووسی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی و، هەڵبژاردن تەنها پەیوەست نییە بە چەند هێزێک، بەڵکوو پەیوەندی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەیەوە هەیە."

بەگوتەی ئاری نانەکەلی، ئێستاش پارتی داکۆکی لەوە دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بە لەبەرچاوگرتنی پرەسنیپە یاسایی و سیاسییەکان و رێز لە هەموو لایەک بگیرێت، بەتایبەت پێکهاتەکان.

رۆژی هەینی 19ـی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان کۆبوونەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسی هەمواکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.

بەگوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی رۆژی 16ـی ئایاری 2023، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی، بڕیاردراوە لەم هەفتەیەدا، بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لەسەر دوایین گفتوگۆکان و رێککەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆببنەوە و کۆنووسێک ئامادە بکەن و دواتر کۆنووسەکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.

وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی پێ دەدات، لە قۆناغە جیاکانی رابردوودا توانیوایانە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاری باش بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و "لە ئێستاشدا پەیامی پارتی بۆ یەکێتی ئەوە بووە، هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هەموو کێشەیەکی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن و پەرلەمان، لەنێو پەرلەماندا چارەسەر بکرێت".

 رۆژی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023، کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوایان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە ئاماژە دان بەوەی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت، ئاشکراشیکرد، وەکو پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لەکاتی خۆیدا و "ناکرێت چیدیکە دوا بخرێت بەهەر بیانوویەک بێت. ئەو بیانوویانەی باسدەکرێن، دەتوانرێن چارەسەربکرێن".

هاوکات رۆژی (پێنجشه‌ممه‌ 18ـی ئایاری 2023) جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق له‌ میانی پێشكه‌شكردنی راپۆرتێك له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023ـی دیاریكردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ هه‌ر چۆنێك بێ نابێت هه‌ڵبژاردن له‌وه‌ زیاتر دوابكه‌وێت و ده‌بێت هه‌مووان به‌و واده‌یه‌ پابه‌ند بن.

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".