گرووپی جی حەوت داوایان لە چین کردووە فشار بخاتە سەر رووسیا

کۆبوونەوەی گروپی جی حەوت لە ژاپۆن
کۆبوونەوەی گروپی جی حەوت لە ژاپۆن

K24- هەولێر

سەرکردەکانی گرووپی جی حەوت داوایان لە چین کردووە فشار بخەنە سەر رووسیا بۆ راگرتنی جەنگ لە ئۆکرانیا.

ئاژانسی هەواڵی کیۆدۆی ژاپۆن ئەمڕۆ شەممە،20ی ئایاری2023، بڵاوی کردەوە، لە میانی کۆبوونەوە لوتکەی جی حەوت لە هیرۆشیمای ژاپۆن بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرکردەکانی گرووپەکە داوایان کرد کێشەکانی تایوان لەگەڵ چین بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت.

سەرۆکەکانی لوتکەکە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی پتەو و جێگیر لەگەڵ چین.

ئاژانسەکە راشیگەیاند، سەرکردەکان بەڵێنیان داوە هەوڵی سەقامگیری دارایی بدەن و بیپارێزن و گەشەی پێ بدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، گرووپەکە پلاتفۆرمێک دەخاتە بەردەست بۆ رێگری کردن لە ناسەقامگیری ئابووری.

زیلێنسکی لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی هاریکارییەکان لەگەڵ وڵاتەکەیدا دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە شەڕی دژ بە رووسیادا و گوتیشی: "ئاشتی ئێستا نزیکتر دەبێتەوە".

سەرۆکی ئۆکرانیا پێشتر گەیشتە هیرۆشیما بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەی گرووپی حەوت، ئەمەش یەکەم سەردانی بوو بۆ وڵاتێکی ئاسیا لەوکاتەی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا دەستیپێکردووە.