فیلمی میوانێکی تایبەت دەچێتە ڤیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی فینلەندا

کەی بەهار، دەرهێنەری فیلم
کەی بەهار، دەرهێنەری فیلم

K24 - هەولێر:

فیلمی "مێوانێکی تایبەت" لە نووسین و دەرهێنانی "کەی بەهارە" و فیلمەکە ١٩ خولەکە و لە وڵاتی بەریتانیا لە شاری لەندەن بەرهەمهاتووە، دوو ئەکتەری ناوداری ئینگلیز، بە ناوەکانی ئانیتە دۆبسن و پۆل کۆپلی تێیدا بەشدارن، بڕیاره 24ـی ئەیاری 2023 ببێتە میوانی ڤیستیڤاڵی "گوڵەبەڕۆژە" لە وڵاتی فینلەندا.

ناوەڕۆکی بەرهەمە سینەماییەکە باس لەڕۆڵی منداڵێکی کورد، بە ناوی دانیال دیلانی، کە دانیشتوانی شاری مانچیستەرە و یەکەم جارە وەک ئەکتەرێک بەشداری لە فیلمێک دەکات.

"کەی بەهار" دەرهێنەری فیلمەکە لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 دەڵێت، ئەم فیلمە لێکۆڵینەوەیە لە نێوان تەمەنە جیاوازەکان و نەوەکانمان، بە تایبەت لە نێوان کۆچبەران و پەناهەندە و دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی کە روو لە وڵاتی بەریتانیا دەکەن.

 هەروەها گوتیشی، رەنگە زۆرجار لای ئێمە رووننەبێت کەوا هاووڵاتییانی وڵاتانی ئەوروپیش، خاوەن کێشە و دەردەسەری ژیانن بەهۆی کارەساتی ناو خێزان، لە دەستچوونی کار، ئاژاوەی بیروڕا و بۆچوون، ڕامیاری و ئاینی.

کەی بەهار، ئاماژەی بەوەدا، لە میواندارییەکی تایبەتدا هەوڵمداوە ئەو بوارە بخەمەروو لەڕوانگای ئاکۆ، منداڵە کوردی پەناهەندە و هاڕوڵد، مرۆڤێکی ئینگلیزی بە تەمەن، بەڵام خاوەن کێشەیەکی سایکۆڵۆژیی دژوارە بەهۆی مردنی کچە خنجیلانەکەیان، کە تاکە منداڵیان بوو.

هەروەها، فیلمەکە پرسیار دەخاتەڕوو کە ئایا ئەم مرۆڤانە سەر بە دوو کولتور و دنیای زۆر جیاواز و خاوەن کێشەی جیاوازن، دەتوانن یەک بگرنەوە و هاوتەبایی ژیانێکی ئاسوودە بکەن، هەروەها ئایا بەهۆی ئاکۆی پەناهەندەی هەڵهاتوو لە وڵاتێکی وێران بە جەنگ و باوک کوژراو دەکرێت لەگەڵ ئەو هەموو دەردەسەریە، ئاکۆ ببێتە هاورێ وهۆکاری دڵخۆشی هاڕوڵد و بەپێچەوانەوە؟.

دەرهێنەری فیلمەکە، باسی لەوەشکرد، ئەم فیلمە لە چەندان ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەژداریکردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتە،  ئێستاش لە ڤیستیڤاڵی گوڵەبەڕۆژە بەژدارە لە ووڵاتی فینلەند.

لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "لەڕاستیدا ڤیستیڤاڵەکە خۆیان پەیوندییان لەگەڵمداکرد و داوای یەک لە فیلمەکانی منیان کرد، ئەوان دەزانن کە فیلمم زۆر بەرهەمهێناوە، تاکو ئەمڕۆ  خاوەنی 22 کورتە فیلم وفیلمی درێژم، لە ناو ئەوان "مێوانێکی تایبەت"ـیان بە دڵبوو چونکە زیاتر لە ناوەڕۆک و پەیامی ڤیستیڤاڵەکە نزیکە، ئەگەر هەڵە نەبم ئەمە یەکەم خولی ڤیستیڤاڵی هاوڕێ رەسول خۆڕام، کوردی رۆژهەڵات و دانیشتووی فینلەند،  بەڕێوەبەرایەتی دەکات لەگەڵ چەند کەسێکی فینلەندی و پەیامی سەرەکیان هاوتەبایی و ئاشتی و پێکەوەژیانە".

\
ک
د