لەماوەی دوو کاتژمێردا ئاسایشی بازگەکان دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێکی دزراودا دەگرێت

وێنەی ئۆتۆمبێلەکە
وێنەی ئۆتۆمبێلەکە

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵا تۆماردەکات لە دزینی ئۆتۆمبێلەکەی، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان دەتوانن لەماوەی دوو کاتژمێردا، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا بگرن و تۆمەتبارەکەش رادەستی پۆلیسی هەولێر بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک بە مەبەستی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلێکی بێ تابلۆ کە هێشتا ژمارە نەکراوە و نوێیە، مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا دەکات و دوای بردنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ پشکنین بۆ ئەوەی گرێبەستی کڕین لەنێوانیاندا ئەنجام بدەن، تۆمەتبارەکە هەڵدەستێت بە بردنی ئۆتۆمبێلەکە و ژمارەیەکی ساختەشی بۆ دەبەستێت تاوەکو لە بازگەکان دەربچێت.

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی (20ـی ئایاری 2023)، هاووڵاتییەک سکاڵا تۆماردەکات کە ئۆتۆمبێلەکەی لێدزراوە، دوای ئەوە بە لێهاتوویی کارمەندانی بازگەکان، لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر لە بازگەی سپیلک، دەستبەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا دەگرن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە هەڵساوە بە بەکارهێنانی تابلۆیەکی ساختە بەمەبەستی دەربازبوون لەبازگەکان، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلەکە نوێیە و بێ تابلۆیە، دوای ئەوەش ئۆتۆمبێلەکە و تۆمەتبارەکە رادەستی پۆلیسی هەولێر کراون بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست.