پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە چاوەڕێی لیژنەی داراییە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ جارێکی دیکە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بۆ دیاریکردنی وادەی دەنگدان لەسەر بودجە چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی لیژنەی داراییە.

غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە بودجە دواکەوتووە، بڕیاربوو زووتر ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، بەڵام هەندێک بابەت دێنە پێشەوە پێویستیان بە هەڵوەستە لەسەرکردنە لەنێوان ئێمە وەک لایەنە کوردییەکان و لایەنەکانی شیعە و سوننە".

گوتیشی: "لەم چەند رۆژەی دواییدا 10 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتە بۆ ئەوەی لیژنەی دارایی پابەند بکەن کە بە ویستی ئەوان بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان داڕێژنەوە، یەکێک لە خاڵەکانیان ئەوەیە بیسەپێنن هەرچی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەیە لە هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێتەوە، کە ئەمە شتێکی نوێ بوو، لە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نییە، بۆیە ئەم بابەتانە پێویستی بە گفتوگۆ و روونکردنەوەی زیاتر هەیە".

ئاماژەی بەوەشدا: "پەیوەست بەو داوایەی ئەو 10 پەرلەمانتارە دوێنی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی کردووە و باسیان لەوەکردووە، کە لەم کاتەدا هەڵوێستی کورد چی دەبێت و پەسندکردنی بودجە چەند دوادەکەوێت، کە ئەمە زیان بە تەواوی پرۆسەی سیاسی عێراق دەگەیەنێت".

ئەو پەرلەمانتارە، راشیگەیاند: "ئێمە بە ئومێدەوە لە دۆخە دەڕوانین و لەو بڕوایەدام پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێنرێت، ئەمڕۆش لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە لە کۆبوونەوەدا، وەکو نوێنەرانی کورد پێمان راگەیاندون، سەرەڕای تێبینیمان، بەو بودجەیە رازین کە حکومەتی عێراق ناردویەتیە پەرلەمان".

دەشڵێت: "بە بڕوای من لەم هەفتەیەدا پەرلەمان دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە دەدات".

ماوەی دوو رۆژە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجە کۆبوونەوە دەکات، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە چاوەڕوانی راپۆرتی لیژنەی دارایی دایە بۆ ئەوەی وادەی کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان دیاری بکەن بە مەبەستی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە.

دوێنێ شەممە 20/5/2023، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا پەرلەمان بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە و لە هەفتەی داهاتوو بودجە پەسند دەکرێت.