هیوا گەیلانی: پارتی سازشی زۆری کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت

هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایدەگەیەنێت، حزبەکەی "سازشی لە زۆر خاڵی پەیوەست بە خۆی کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" بکرێت و دەڵێت، "گەشبینین لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ یەکێتی بگەینە رێککەوتن".

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام میوانی بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو؛ کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی کرد. گەیلانی رایگەیاند، پرسی هەڵبژاردن تەوەری سەرەکی کۆبووەنەوی ئەمڕۆی نێوان هەردوو شاندەکەیە و گەشبینن لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

هەر لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، هەنگاوی باش لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پرسی پێکهاتەکان نراون و "لێکتێگەییشتنی باش لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتی" و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

وەکو ئەوەی هیوا گەیلانی دەڵێت: "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر ئەوەی دەمانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و، لە گرنگیی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان تێدەگەین؛ پێمانوایە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەموومان براوەین، بۆیە لە هەموو ئەو خاڵانەی کە پەیوەستن بە خۆمانەوە، سازشمان کردووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت."

لەبارەی پرسی پێکهاتەکان، بەگوتەی گەیلانی، وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەدان پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی چۆن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و دەڵێت: "یاسای تایبەت بە پرسی کۆتاکان، پارتی بە تەنها داینەڕشتووە، بەڵکوو هەموو لایەنە سیاسییەکان بەیەکەوە دایانڕشتووە و یاسایەکە کە هەموومان (لایەنە سیاسییەکان) لەسەری کۆکبووین، بۆیە پێمانوایە نابێت لە ئێستادا ئەو بابەتە ببێتە خاڵی ناکۆکی لەسەر ".

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکارییکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و ئێستا کەمتر لە شەش مانگ بۆ ئەو وادەیەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023ـە، ماون. لەوبارەوە، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: "پێموایە ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتن، کۆمیسیۆن لەو ماوەیەی لە بەردەستیدا ماوە، دەتوانێت ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکات."

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن، پێکهاتەکان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن؛ بە سەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام کرد و لەلایەن فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەب سیاسی پارتی و ئەندامی مەکتەب سیاسییەکەوە پێشوازیی لێکرا.

ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتی دوای ئەوە دێت کە 16ی ئەم مانگە شاندی هەردوولا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایگەیاند: "هەردوو لا بڕیارماندا وەک  یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش  ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەن".

دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ گفتوگۆ و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت. لەو چوار چێوەیەشدا رۆژی هەینی رابردوو 19/5/2023، هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لەبارەی پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.