مونا قەهوەچی: قبووڵ ناکەین هیچ حزب و لایەنێک لەبری پێکهاتەکان بڕیار بدات

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی رایدەگەیەنێت، سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و بەشداریان لە هەڵبژاردنەکان، وەکو پێکهاتەکان قبووڵ ناکەن هیچ حزب و لایەنێک لەبری ئەوان بڕیار بدات.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆبوونەوە.

گوتیشی: "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بارەگای پارتی چاکسازی تورکمان بککات و لەگەڵ نۆ حزب و لایەنی سیاسی تورکمانی کۆببنەوە".

مونا قەهوەچی، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێمە هاوڕان، سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، سەرجەم حزب و لایەنەکانی بەشداربووی تورکمان، کلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن چەند جارێک جەختیان لەوەکردووەتەوە ئامادەن بەشداری لە هەڵبژاردنی یەک بازنەی بکەن، لە کۆبوونەوەشمان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان داوایان کرد کە رێگرن لەوەی هیچ حزبێک لەبری پێکهاتەکان بڕیار بدات".

باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە نۆ پارت و لایەن بەشداری دەکەن، داواکاری خۆیان سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەخەنەڕوو.

سەبارەت بەو داوایەی کە کورسی بۆ پێکهاتەکانی سنووری سلێمانی دیاری بکرێت، مونا قەهوەچی دەڵێت: "پەیامی ئێمە پێکهاتەی تورکمان پەیاممان روونە و داواکارییەکانمان رەوایە، داوامان کردووە هیچ حزبێک دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان نەکات، ئەگەر بیر لەوەدەکەن کە کورسی و نوێنەری پێکهاتەکان لە هەموو پارێزگاکان هەبێت، لە دەرەوەی کورسی کۆتاکان دەتوانن لەسەر لیستی خۆیان کورسی بۆ پێکهاتەکان دیاری بکەن، بەڵام پێنج کورسی کۆتای پێکهاتەی تورکمان و شەش کورسی کلدان، ئاشووری، سریان و ئەرمەن بە هیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نییە دابەشمان بکەن".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لە بەرنامەیاندا هەیە لە داهاتوودا لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببنەوە، مونا قەهوەچی، گوتی: "ئێمە دەرگامان واڵایە بۆ سەرجەم حزب و لایەنە کوردستانییەکان، هەر حزبێک بیەوێت سەردانمان بکات و کۆبوونەوەمان لەگەڵ بکەن لەگەڵ پرسی پێکهاتەکان، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیان لێدەکەین و پێشوازیان لێدەکەین، بە مەرجێک هیچ حزبێک هەوڵ نەدات لە بری ئێمە بڕیاربدات، چونکە ئەوە قبووڵ ناکەین، ئەگەر ئەوەش بکرێت ئەوا رێز نەگرتنە لە پێکهاتەکان".