فراکسیۆنی پارتی داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات برگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی

کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەمڕۆی زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەمڕۆی زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە برگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بخاتە نێو بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی پەرلەماندا. دەشڵێت: "بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، پارتی رازی بوو  لەسەر بنەمای پێشنیازەکانی یەکێتی و لایەنەکان هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەینەوە". 

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تەلاری پەرلەمان ئەنجامدا؛ تێیدا ویستی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دووپاتکردەوە.

بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژادن و چۆنیەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن؛ لایەنەکان داوایان کردووە، کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان وەکو خۆی کارابکرێتەوە و نەچێتە سەر بەرکەوتەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018، "بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، پارتی بەو پێشینازە رازی بوو و رازیش بووین لەسەر بنەمای پێشنیازەکانی یەکێتی و لایەنەکان هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەینەوە، کە هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بکرێتە چوار بازنە، سیستەمی لیستی کاندیدان بکرێتە سەدا 50 بە 50، بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی کۆمیسیۆنی عێراق بکرێتە بنەما و بەو شێوازە هەڵبژاردن بکرێت".

 

 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "لەماوەی رابردوودا جەختمان لەوە کردووەتەوە، ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەسەر 100 کوردسی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتووین، ئەوەی ماوە تەنها 11 کورسی پێکهاتەکان بووە، کە ئێمە و یەکێتی ڕای جیاوازمان لەسەر ئەو پرسە هەبووە و، رامانگەیاند، نابێت ئێمە و برادەرانی یەکێتی ئەو مافە بە خۆمان بدەین کە بڕیار لەسەر کورسی پێکهاتەکان بدەین. دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووس و شێوازی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردندا بدەن، ئێمە ئێستاش سوورین لەسەر ئەوەی کە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، تەنانەت ئەگەر ڕایان جیاواز بێت لە ڕای پارتی."

وەکو ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی پێ دەدات، "دوای ئەو هەموو زنجیرە کۆبوونەوانە و، نەگەییشتن بە ئەنجام لەگەڵ برادەرانی یەكێتی نیشتمانی کوردستان، هەستدەکەین بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، بۆیە بەرپرسیارێتیی 45 ئەندامی پارتی زیاترە لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە و هەر هەنگاوێکی بگرینەبەر، بەمەبەستی دروستنەبوونی ئەم بۆشاییە یاساییەیە."

بەگوتەی زانا مەلا خالید، فراکسیۆنی پارتی لە یاداشتێکیدا 'کە واژووی 44 پەرلەمانتاری پارتی لەسەرە' داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە؛ دوو برگە لە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، زیاد بکات؛ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموو ئەو پێشیازەیاسایانەی کە لە ماوەی رابردوودا لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراون.

 

 

زانا مەلا خالید رەتیکردەوە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان خواست و ویستی پارتی بە تەنها بووبێت، "پەرلەمانی کوردستان لە بەردەم هەڵبژاردنی دوو بژاردەدا بوو؛ یەکەمیان 'دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بکەونە نێو بۆشایی یاساییدا' دوومیشیان، ئێمە و هاوپەیمانەکانمان لە پەرلەمانی کوردستان و لایەنە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیەم دەست بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ببەین."

هەر لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، زانا مەلا خالید ئاماژەی بەەکرد، دوای دەرکردنی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، کاریان لەسەر دروستکردنی سازانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردووە، لەبارەی هەموارکردنەەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن "وەک دوو پرسی گرنگ، کە لە رابردوودا و تا ئەمڕۆ وەکو کۆسپ لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ماون"، بۆیە لەگەڵ یەکێتی، گۆڕان و لایەنە سیاسییەکان هەوڵیانداوە لەبارەی شێوازی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بگەنە رێککەوتن.

ئەم داوایەی فراکسیۆنی پارتی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە؛ هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ژمارەیەک پرسی دیکەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تەوەری گفتوگۆکان بوون و "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو". ئاماژە بەوش دراوە، "هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەبوو، لە کۆبوونەوەکانی ئاییندەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت".

دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ گفتوگۆ و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت. لەو چوار چێوەیەشدا رۆژی هەینی رابردوو 19/5/2023، هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لەبارەی پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.