هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوانمان ئەرێنی بوو

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (راست) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (راست) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان

K24 - هەولێر

هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوانیان "ئەرێنی" بووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی پێکهاتەکان کۆبوونەوە.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە؛ هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ژمارەیەک پرسی دیکەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تەوەری گفتوگۆکان بوون و "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو". ئاماژە بەوش دراوە، "هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەبوو، لە کۆبوونەوەکانی ئاییندەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت".

ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتی دوای ئەوە دێت کە 16ی ئەم مانگە شاندی هەردوولا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایگەیاند: "هەردوو لا بڕیارماندا وەک  یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش  ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەن".

دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ گفتوگۆ و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت. لەو چوار چێوەیەشدا رۆژی هەینی رابردوو 19/5/2023، هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لەبارەی پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.