پارێزگاری هەولێر لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان لەناکاو سەردانی نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵان دەکات

ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24  - هەولێر:

دوای ئەوەی کە چەندین هاووڵاتی لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پارێزگاری هەولێرییان ئاگادارکردوەتەوە لە رەوشی نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەبێ ئاگاداری پێشوەختە سەردانی نەخۆشخانەکە دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (21ــی ئایاری 2023)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەبێ ئاگاداری پێشوەختە سەردانی نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان کرد و لە نزیکەوە چاودێری رەوشی نەخۆشخانەکەی کرد.

هەروەها لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوونکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سزادانی ئەو کەسانەی کە بوونەتە هۆکاری کەموکوڕی لە کاروبارەکانی نەخۆشخانەکە.

نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان، یەکێکە لە نەخۆشخانە حکومییەکانی تایبەت بە منداڵان لە شاری هەولێر، لە نەخۆشخانەکەدا زۆربەی بەشە پزیشکییەکانی تێدایە، لەوانە، فریاکەوتن، راوێژکاری، منداڵە ناکامەکان، نەشتەرگەری منداڵان، تاقیگە، بەشی تیشک و سۆنار کە رۆژانە زیاتر لە هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.