هێمن هەورامی: بە مەرجێک ئامادەین دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ سبەی دوابخرێت

کۆنگرەی رۆژنامەوانی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەوانی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئامادەن دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ سبەی سێشەممە دوابخرێت، "بەمەرجێک ئێستا سەرۆکی پەرلەمان رابگەیەنێت دانیشتنەکە بۆ سبەی سێشەممە دواخرا بەهەمان بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ".

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەکرد، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوە درێژکراوەتەوە "زەمینەسازی یاسایی و سیاسی بکرێت و لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستینشانکردووە، کەمتر لە شەش مانگ بۆ ئەو ماوەیە ماوە".

 وەکو ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی پێ دەدات، لەپێناو ئەوەی سازانی زیاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بکرێت، ئامادەن دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ سبەی دوابخرێت، "بەمەبەستی ئەوەی کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، بە زیادكردنی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ پۆسته‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان پێویستن. بەمەرجێک ئێستا سەرۆکی پەرلەمان رابگەیەنێت دانیشتنەکە بۆ سبەی سێشەممەیە بەهەمان بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ."

 

 

هێمن هەورامی روونیشیکردەوە، کۆمیسیۆن کەمتر لە شەش مانگی لەبەردەمدا ماوە بۆ ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردن، لە کاتێکدا وەکو خۆی کارا دەکرێتەوە، "تا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێتەوە، کۆمیسیۆن دەست بۆ ئامادەکارییەکان نابات و هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە. ئەم بابەتە گرنگە لای ئێمە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت، چونکە روون نییه‌ دادگای فیدڕاڵی له‌ رۆژانی داهاتوو چ بڕیارێك ده‌دات."

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ راگەیەندراوێکدا كه‌ ‌ئاراسته‌ی گشت ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی کردووە‌، ئاماژەی بەوەکردووە، خاڵێکی دیکە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی دووشەممە زیادکراوە، ئەویش كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانە بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ.

هاوکات دوێنێ یەکشەممە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە یاداشتێکیدا 'کە واژووی 44 پەرلەمانتاری پارتی لەسەرە' داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە؛ دوو برگە لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، زیاد بکات؛ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموو ئەو پێشیازەیاسایانەی کە لە ماوەی رابردوودا لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراون.

دوێنێ یەکشەممە؛ هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە؛ هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ژمارەیەک پرسی دیکەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تەوەری گفتوگۆکان بوون و "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو". ئاماژە بەوش دراوە، "هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەبوو، لە کۆبوونەوەکانی ئاییندەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت".

دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ گفتوگۆ و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت. لەو چوار چێوەیەشدا رۆژی هەینی رابردوو 19/5/2023، هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لەبارەی پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.

رۆژی 26ـی ئاداری 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".