وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: رۆژانە نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەسووتێندرێت

شەقامێکی قەرەباڵەغی هەولێر
شەقامێکی قەرەباڵەغی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەنیا پاڵاوگەکان هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان نین لە کاتێکدا رۆژانە زیاتر لە پێنج ملیۆن لیتر بەنزین دەسووتێندرێت.

رۆژی دووشەممە (22ـی ئایاری 2023)، لە دیداری ئەنجومەنی کاری کوردستانی بەریتانی و ئەوروپی، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فاکتەری گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان تەنیا بوونی پاڵاوگەکان نییە، بەڵکو رۆژانە نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین دەسوتێندرێت کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە.

بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، داواشی لە دەستەی وەبەرهێنان کرد کار بۆ وەبەرهێنان لەژێرخانی گواستنەوەی گشتی بکەن تاوەکو ژمارەی تەکسییەکان کەمبێتەوە، بە کەمبوونەوەشی رێژەی بەکاربردنی بەنزین 30% کەمدەبێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی دەتا و ئاماری گشتی بەردەست نییە كە ئاستی پیسبوونی هەوای هەرێمی كوردستان بخاتەڕوو، بەڵام بوونی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل، ئامێرە قورسەكان، خراپی كوالێتی سووتەمەنی و ژمارەیەكی زۆر لە موەلیدەی كارەبایی. هەروەها پابەندنەبوون بە رێنماییە ژینگەییەکان و بوونی پاڵاوتگەی نەوتی و كارگە و پیشەسازی کاریگەرییان لەسەر پیسبوونی هەوای هەرێمی كوردستان دروستکردووە.

لەوپێناوەشدا بۆ باشترکردنی رەوشی ژینگەیی و  پاکراگرتنی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە (18ـی ئایاری 2023)، بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دانرا کە توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە، 25 مێگاوات کارەبایە بە گوژمەی 100 ملیۆن دۆلار لەسەر رووبەری 590 دۆنم زەوی دروستدەکرێت.

ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان %20 بۆ %30ـی لە وزەی خۆرە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت رێژەکەی بەرزتر بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ دەکات.