بەهۆی شەڕ نرخی بنێشتی عەرەبی لە سوودان دابەزی

بنێشتی عەرەبی
بنێشتی عەرەبی

K24 – هەولێر

پێش ئەوەی شەڕ لە سوودان هەڵبگیرسێ، پێنج ملیۆن کەس بژێویان لەسەر "بنێشتی عەرەبی" بوو، کە پێکهاتەی سەرەکی خواردنەوە گازییەکانە، ئێستا نرخی ئەم بنێشتە لە سوودان بۆ نیوە دابەزیووە، چونکە ئەو بیانیانەی پێشتر ئەو ماددانەیان دەکڕی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.

لە یەکێک لە دیارترین بازاڕەکانی بنێشتی عەرەبی کە 350 کیلۆمەتر لە باشووری خەرتومەوە دوورە، بازرگان ئادەم محەممەد عیسا دەڵێت "کارەساتێکی راستەقینەیە بۆ بەرهەمهێنەران".

ئەم جۆرە بنێشتە  لە درەختی ئەکاسیا دەردەهێنرێت، هەروەها ئەو ماددەیە زۆر گرنگە کە لە پیشەسازییە جیاوازەکاندا بەکاردێت، لە خواردنەوە گازییەکانەوە تا دەگاتە  بنێشتی جوین و پێداویستیەکانی دەرمان.

بنێشتی عەرەبی لە سوودان بە رووبەری نزیکەی 500 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەی دارفورەوە لە رۆژئاوای وڵاتەکە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە ویلایەتی قەزارف لە نزیک سنووری ئەسیوپیا.

لە سەردەمی عومەر بەشیردا، ئەو سزایانەی ئەمەریکا بەسەر سوودانیدا سەپاندبوو، "بنێشتی عەرەبی" لە لیستی سزاکاندا نەبوو، ئەمەش بەهۆی گرنگییەکەیەوە بوو.

سوودان لە پێشەنگی وڵاتانی بەرهەمهێنەری بنێشتی عەرەبییە، بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی پەرەپێدانی فەرەنسا، نزیکەی 70%ی بازرگانی جیهانی پێکدەهێنێت.

.

مستەفا سەید خەلیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی بنێشتی عەرەبی، بە  ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئەگەر بنێشتی عەرەبی لەدەست بدەین، هەموومان نقوم دەبین، هەموومان لە یەک بەلەمداین"، ئاماژەیە بۆ دابەشبوونی سوودانییەکان. لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە  15ی نیسانەوە لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا توشی پشێوییەکی تەواو بووە.

بەرهەمهێنانی بنێشتی عەرەبی لە خەرتوم چڕ دەبێتەوە، لەوێشەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، بەتایبەتی بۆ ئەمەریکا، بەشێکی دیکەی ئەم ماددەیە لەناوچەی دارفور بەرهەم دەهێنرێت.

ئادەم عیسا دەڵێت: "ئێستا بڕێکی زۆرمان هەیە، کەسیش نایەوێت بیکڕێت، چونکە خاوەن بارهەڵگرەکان لە هاتوچۆ دەترسن، لە رێگەیان بۆ بەندەرەکە کە دەکەوێتە ناوچەی شەڕەوە لە خەرتوم".

بە گوتەی دانیشتوانی خەرتوم، لە بۆردومانەکاندا ژمارەیەکی زۆر بارهەڵگر تێکشکێندراون و ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگرەکانیش گیانیان لەدەستداوە. لە هەمان کاتدا نرخی سووتەمەنی بیست هێندە بەرزبووەتەوە.

ئەحمەد حسێن، بەرهەمهێنەری بنێشت دەڵێت:  گرنگی نەدان بە کڕینی بنێشت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخەی لە ئێستادا لە سوودان هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخەکەی. ئاماژەی بەوەشکرد، " لە کۆتایی مانگی ئاداردا نرخی تۆنێک لە 627 دۆلارەوە بۆ 233 دۆلار دابەزیووە".

.

سەرەڕای مەترسییەکانی سەر بنێشتی عەرەبی، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی بنێشت، کە بنکەکەی لە هامبۆرگە لە ئاشکرایکرد، هیچ مەترسییەک لەسەر ئەو پیشەسازیانە نیە کە ئەو ماددەیە بەکاردەهێنن، چونکە "کۆمپانیاکان کۆگای پێویستیان لە سوودان و وڵاتانی دیکەوە هەیە و ئەماددەیان کۆگا کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چاد و نەیجیریا دوو وڵاتن کە دەتوانن ببنە سەرچاوەی جێگرەوەی سوودان لە بەرهەمهێنانی بنێشتدا.