سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن: دەست بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت

هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان
هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری فەرمی پەرلەمانی کوردستانیان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێگەیشتووە و ئەوانیش دەستدەکەن بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە و ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو .

هەندرێن محەممەد بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە هەنگاوێکی "گرنگ" ناوبرد و، وەکو خۆی دەڵێت، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن داوای نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بووە.

بەگوتەی هەندرێن محەممەد، نووسراوی فەرمی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێگەیشتووە و مامەڵەی فەرمی لەگەڵ دەکەن؛ "بڕیارەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە، بڕگەی یەکەم تایبەتە بە بەردەوامبوونی هەر حەوت ئەندامەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و بڕگەی دووەمیشیان، دوو کەسی دیکە وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەستنیشانکروان و ئێستا ئەنجوومەن بە نۆ ئەندام کاراکراوەتەوە".  گوتیشی: "ئێمە (کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان) دامەزراوەیەکی دەستوورین و مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەکان دەکەین، ئەوەی لە پەرلەمان بۆمان بێت، ئێمە جێبەجێی دەکەین."

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، گوتی: "بڕیارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمیسیۆن دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات. ئامادەکارییەکان سەرەتا دارایی و کارگێڕیی دەبن، تاوەکو دەگاتە رۆژی هەڵبژاردن، چونکە پێویستە چاوێکمان لەسەر پەرلەمانیش بێت، تا ئێستا گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچوونی بەردەوامن. ئەوەی ئێستا لەسەر کۆمیسیۆنە، دەست بە ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بکات".

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، کاتی پێویستییان لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری پێویست بۆ هەڵبژاردن بکەن، "هەرچەندە داوای شەش مانگمان کرد بۆ ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە و دەتوانین ئامادەکاری پێویست بکەین". ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی راسپاردووە، هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن بکەن بۆ ئەوەی باشترین ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکرێت.

لەبارەی تۆماری دەنگدەران، هەندرێن محەممەد ئاشکرایکرد، تۆمارێکی دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان کاریان پێکردووە، بەڵام وەکو خۆی ئاماژەی پێدا، ویستێک لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی تۆماری بایۆمەتری عێراقی بەکاربهێندرێت و "ئێمەش پێمان باشە بەکاربهێندرێت و ئاسانکاری زیاتر بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکات".

 

 

دوێنێ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تەلاری پەرلەمان رایگەیاند، بە کۆی دەنگی ئەو 58 ئەندام پەرلەمانەی کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنبووون و لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست ببێت، دەنگ لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی درا و کاراکرایەوە. 

لای خۆیەوە پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کێ لەگەڵ ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە.

بەگوتەی پێشەوا هەورامی. وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خویدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەماوەی رابردوودا بژاردەیەکی "ناچاری بوو، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە".

هاوکات بژار زوبێر کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن؛ کوردستان24ـی راگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 48 و بڕگەی چوارەم لە پەیرەوی ناوخۆیی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوی فراکسیۆنی پارتی "100  %پەیرەویی و یاسایییە" و هیچ سەرپێچییەک ئەنجام نەداوە.